کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە.
زمان؛ گەنجینەی مێژوو و فیکر
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وەک چەترێک وایە و 38 پارت و هێز و رێکخراوی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
کەنەکە لە ساڵی 1999 لە شاری ئەمستەردامی هۆڵەندا بە ئامادەبوونی نزیکەی 700 بەشداربووی کورد و بیانی دامەزرا.
کەنەکە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو گەنجینەی کولتوور، مێژوو، ناسنامە و فیکری هەر نەتەوەیەکە.
کەنەکە هۆشداری داوە کە کاتێک زمان فەرامۆش دەکرێ، مێژوو و کولتووری ئەو گەلەش لەنێو دەچێت.
دۆخی زمانی کوردی لە کوردستان
راگەیێندراوەکە بەم جۆرە باس لە دۆخی زمانی کوردی لە کوردستان دەکات:
باشووری کوردستان: ماوەیەکی زۆرە، لە باشووری کوردستان دامەزراوەی فەرمی هەن و زمانی کوردی لە دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی روون و پلانێکی تۆکمەی پەیوەست بە زمان، زمانی کوردی لە دۆخێکی سەختدایە و رووبەڕووی بەربەرستی گەورە دەبێتەوە. بۆیە، پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێداگری و کاریگەرانە، ئەم بەربەستانە لاببات و کار لەسەر رێکخستنی کەناڵەکانی زمان و پەروەردە بکات و سیمایەکی رێکخراوەییان پێ بدات.
رۆژئاوای کوردستان: لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریادا روودەدەن، دەبێت زمانی کوردی لەنێو "دەستوورێکی هەمیشەییدا" وەک زمانی فەرمیی کارگێڕی و پەروەردە جێگیر بکرێت.
باکوور و رۆژهەڵات: لەم دوو پارچەیەی کوردستان، زمانی کوردی رووبەڕووی هەڕەشەی جیدی وەک "نەتەوەپەرستی و داگیرکاری" بووەتەوە و لە پڕۆسەی پەروەردەدا بوونی نییە.
هەڕەشەی لەنێوچوون و فەرامۆشکردن
کەنەکە رەخنە لەو خێزانانە دەگرێ، لەنێو ماڵەکانیاندا بە زمانە زاڵەکانی دەوروبەر قسە دەکەن و دەڵێ: "ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ فەوتانی زمانەکەمان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەموو زاراوەکانی کوردی دەوڵەمەندیی نەتەوەکەن و دەبێت لەنێو پڕۆسەی پەروەردەدا رێزیان لێ بگیرێ.
ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکات سەرنج بدەنە ئەو گوشارەی لەسەر زمانی کوردی هەیە و دەڵێت، "بەکارهێنان و پەرەپێدانی زمانی کوردی، ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانیی سەر شانی هەر تاکێکی کوردە، چونکە زمان داهاتووی ئێمەیە."