فەهمی بورهان: هەوڵ بۆ راگرتنی بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ناحیەی ''گوڵاڵە'' لە سنووری دیالە کرایە قەزا، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نە ئەوان و نە لایەنە کوردستانییەکانیش پێشوەختە ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبوون و هۆشداریش لە ''لێکەوتەی خراپی'' بڕیارەکە دەدات.
رۆژی هەینی، 20ـی شوباتی 2026، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خانەقین و ناحیەکانی دەوروبەری دەکەونە چوارچێوەی مادەی 140. ساڵی پار ناحیەیەکی ئەو سنوورە کرایە قەزا و ئەم ساڵیش بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە درا. بەپێی مادەی 140 دەبێت سەرەتا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە. ئەم بەقەزاکردنە ئاساییکردنەوەی نییە بەڵکو شێواندنیەتی."
فەهمی بورهان گوتیشی: "ئاگاداری بابەتی بەقەزاکردنەکە نەبووین و پێشم وانییە کە هیچ لایەنێکی کوردستانی ئاگاداری بووبێت."
فەهمی بورهان ئاماژە بەوە دەکات: "ئەم هەنگاوە تاکلایەنە، ئاماژەی روونە کە نیشانی ئەدات عێراق نییەتی جیدی نییە پابەندی دەستوور و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بێت. رانەگرتنی ئەم هەڵوێست و بڕیارانە لە لایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغدا، بۆ بڕیاری خراپتر و مەترسی زیاترمان دەبات."
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان باس لەوە دەکات، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵن و "هەوڵی جیدی بۆ راگرتنی بڕیارەکە هەیە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەهمی بورهان، رێژەی کورد لە گوڵاڵە "10٪ بۆ 15٪" تێپەڕناکات.
بڕیاری بە قەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە، رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026 لەلایەن عومەر کوڕووی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە راگەیێندرا.
عومەر کوڕووی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەش دا کە گوڵاڵە کراوەتە قەزا، دوای ئەوەی داواکارییەکە چووەتە بەغدا و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ؛ گوتیشی: "لەپشت پەردەوە چەندین پیلانگێڕی هەبوو بۆ ئەوەی ئەو شوێنە نەکرێتە قەزا."
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ی پارتی لە خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە نادەستووری و نایاساییە، چونکە گوڵاڵە دەکەوێتە سنووری مادەی 140 و نابێت سنووری کارگێڕیی دەستکاری بکرێ."
لە 31ـی کانوونی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی دا بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی گوڵاڵە و لایەنە کوردستانییەکان دژی وەستانەوە.
شێرکۆ تۆفیق رایگەیاند، ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر چارەنووسی گوڵاڵە و هەڵبژاردن دەبێت لەو ناوچەیە، کە بەگوتەی ئەو، لە ساڵی 1975 زیاتر لە 75%ی دانیشتووانەکەی کورد بوون.