ترەمپ بە گاڵتەوە: خەریک بوو روبیۆ دووربخەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازێکی تەنزئامێز رایگەیاند، دوای ئەو گوتارە سەرنجڕاکێشەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن پێشکەشی کرد، خەریک بووە لە کارەکەی "دەری بکات".
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە یەکەمین کۆبوونەوەی "بۆردی ئاشتی" کە تایبەت بوو بە پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، ترەمپ ستایشی مارکۆ روبیۆی کرد و گوتی، لە کۆنفرانسی میونشن "کارێکی وای کردووە جێگەی شانازی بێت."
ترەمپ بە پێکەنینەوە لەبەردەم بەرپرسانی ئەمریکا و جیهان لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا گوتی: "راستییەکەی هێندە جێگەی شانازی بوو، کە خەریک بوو کۆتایی بە کارەکەی بهێنم (دەری بکەم)، چونکە خەڵک دەیانگوت: بۆچی ترەمپ ناتوانێت بەو شێوەیە بدوێت؟ منیش دەتوانم، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز دەیڵێم."
سەرۆکی ئەمریکا رووی دەمی کردە روبیۆ و بە گاڵتەوە گوتی: "مارکۆ، تکایە لەوە باشتر مەبە کە کردت. چونکە ئەگەر شتی باشتر بکەیت، لێرە دەردەکرێیت."
ترەمپ لە وەسفی مارکۆ روبیۆدا: لە میونشن هێندە جێی شانازی بووی، خەریک بوو لەسەر کار لاتبدەم.. بزانە بۆ وادەڵێت؟ pic.twitter.com/IEbFfU1Rrw
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 20, 2026
رۆژی شەممەی رابردوو، مارکۆ روبیۆ گوتارێکی 20 خولەکیی لە ئەڵمانیا پێشکەش کرد. تێیدا رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا گرت بەهۆی سیاسەتەکانی وەک "کۆچی بەکۆمەڵ"، وەبەرهێنان لە وزەی پاک و بازرگانیی جیهانی بەبێ رەچاوکردنی کاریگەرییە ناوخۆییەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو دڵخۆشییەی دوای رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 دروستبوو، جیهانی بەرەو "وەهمێکی مەترسیدار" برد کە گوایە مێژوو گەیشتووەتە کۆتایی و هەموو وڵاتان دەبنە دیموکراسی لیبراڵ و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نامێنن. روبیۆ جەختی کردەوە کە "ئەمە بیرۆکەیەکی گەمژانە بوو و باجێکی زۆری پێداین."
سەرەڕای رەخنەکانی، روبیۆ دەستی هاوکاری بۆ ئەورووپا درێژ کرد و داوای لێکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کار بکەن بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو. گوتیشی: "ئێمە ئامادەین ئەگەر پێویست بکات بە تەنیا کار بکەین، بەڵام ئارەزوو و هیوامان ئەوەیە لەگەڵ ئێوەی دۆستمان لە ئەورووپا پێکەوە کار بکەین.. چونکە ئێمە و ئەورووپا سەر بە یەکدین."
گوتارەکەی روبیۆ بە چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان پێشوازی لێکرا، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ ئەو پێشوازییە ساردەی ساڵی رابردوو لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان کۆنفرانس کرا، ئەوکاتە ڤانس لەسەر پرسی کۆچ و ئازادی رادەربڕین رەخنەی لە ئەورووپا گرت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا ستایشی جێگرەکەی کرد و گوتی: "ئەو ناوبانگ و پێشوازییەی جەی دی ڤانس بەدەستی دەهێنێت، زۆر مەزنە."