یەکێتی و تەقەدووم رێککەوتنێک واژۆ دەکەن؛ چەند پۆستێکی خورماتوو دەدرێتە کورد

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی تەقەدووم لە پارێزگای سەلاحەدین رێککەوتنێک واژۆ دەکەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لەو پارێزگایە و قەزاى خورماتوو، ماوەی مانگێکیش بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دانراوە.
 
ئەو رێککەوتنە رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 20226، لەنێوان یاسین داودی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین و سەعد عوبێد جومەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی تەقەدووم واژۆ کراوە.
 
یاسین داودی بە (رووداو)ی گوت: "ئەو رێککەوتنە بۆ دەنگدان بووە بە بەربژێری تەقەدووم بۆ پۆستی پارێزگار، تاوەکو لە بەرامبەردا ئەوانیش پابەند بن بە چەند داواکارییەکی کورد لە سنووری سەلاحەدین".
 
پێنجشەممە 19ی شوبات لە ئەنجوومەنی پارێزگا  هەیسەم زەهوان، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە دەنگی نۆ ئەندام بە پارێزگاری سەلاحەددین هەڵبژێردرا، رکارەبەکە لە هاوپەیمانیی عەزم بردییەوە. یەکێتی دەنگی  بە بەربژێرەکەی تەقەدووم دا و تاکە ئەندامەکەى پارتیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگای کرد و کشایەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی یەکێتی و تەقەدووم کە دەست رووداو کەوتووە، سێ خاڵ و چەند بڕگەیەکە کە دەبێت پارتی تەقەدووم پێوەی پابەند بێت لە بەرامبەر دەنگدان بە بەربژێرەکەی بۆ پۆستی پارێزگار.
 
ئەو پۆستانەی کە بۆ یەکێتی دیاریکراون بریتین لە: یاریدەدەری پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنان، بەرپرسی بەشێک لە تەندروستیی خورماتوو، بەڕێوەبەری هۆبەی پەروەردە لە هەمان قەزا و بەڕێوەبەری ناحیەی سلێمان بەگ.
 
یاسین داودی رایگەیاند، "بەر لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بەڕێوەبەری ناحیەی سلێمان بەگ کورد نەبووە، بەڵام نزیک بووە لە کوردەوە."
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەو نووسراوە بەڵێننامەیەکی یاساییە و جێگەی پەیوەستبوونە، هەروەها دەبێت ئەوەی پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان لە ماوەی 30 رۆژدا جێبەجێ بکرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند: "لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە پێکدەهێندرێت."