کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر: هەر کەسێک نرخ بەرزبکاتەوە بە 1 بۆ 5 ملیۆن دینار سزای دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر چەند لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لەنێو شار و دەرەوەی شار کە لیژنەیەکیان تایبەتە بە بازگەکان بۆ کارئاسانیکردنی هاتنی گەشتیاران بۆ سەنتەری شاری هەولێر.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، 80%ی چێشتخانە و میوانخانەکانی هەولێر لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، تەنیا هەندێک چێشتخانەی بەنێوبانگ نەبێت کە بەهۆی ئەوەی زۆربەی کارمەندەکانیان خەڵکی هەولێرن رۆژی یەکەمی نەورۆز کراوە نابن.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەولێر بە شوێنە میللی و گەشتیارییەکانەوە زیاتر لە 500 چێشتخانە و رێستۆرانت و یانەی شەوانە و 400 هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری و 180 کافتریا لە سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان و سەنتەری شار هەن و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لە رۆژانی نەورۆزدا کراوە دەبن.
زیرەک بیا ئیلیا باسی لەوەش کرد، لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای هەولێر سەردانی بەردەوامی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەن بۆ رێگریکردن لە بەرزکردنەوەی نرخەکان و کوالێتییان، هەر میوانخانە و چێشتخانەیەک نرخەکان بەرزبکاتەوە و قۆرخکاری بکات، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە بە ملیۆنێک تاوەکو 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و شوێنەکەشی دادەخرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسانکاری لە بازگەکان بووەتە دەرفەتێکی باش بۆ بەرزبوونەوەی هاتنی رێژەی گەشتیاران و 80%ی ئەو گەشتیارانەشی روو لە شاری هەولێر دەکەن خەڵکی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن، 20%یشی خەڵکی وڵاتانی تورکیا و ئێرانن.