بەرگدوورێک کە 30 ساڵە شاڵ دەدورێت: خواست لەسەر جلی کوردی زیادیکردووە
رووداو - سلێمانی
30 ساڵە بەختیار هەورامی شاڵ بۆ کڕیارەکانی دەدورێت، هەرسێ لای دیواری دووکانەکەشی بە جلی کوردیی رەنگاوڕەنگی شاڵ رازندووەتەوە. بەرگدوورەکەی سابونکەرانی سلێمانی دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو خواست لەسەر جلی کوردی، بەتایبەت شاڵ، زیادیکردووە.
بەختیار هەورامی، بەرگدوور دەڵێت، "ئەمساڵ خواستی لەسەربوو، خەڵک هەیە بە مانگ سەرەی گرتووە بۆ یەک شاڵ، دوو جۆر شاڵ هەیە، شاڵی کانی توو و کە نرخەکەی لە 300 بۆ 400 هەزار دینارە، زاخۆیشی هەیە لە 600 دۆلار بۆ 1000 دۆلارە".
لە هەڵەبجە زۆرترین خواست لەسەر جلی کوردیی شاڵە کە بەپێی جۆری قوماشەکەی کە لە کوردستان دروستدەکرێت، نرخەکەی لە نێوان 150 دۆلار بۆ 1200 دۆلارە، لە دهۆکیش گەنجان زۆرترین خواستیان لەسەر جلی کوردییە.
سەردار نێروەیی، کڕیار جلی کوردی لە دهۆک دەڵێت، "دەبێت جلی کوردی بۆ هەموو کات لەبەری بکەین، نەوەک تەنیا بۆ نەورۆز یان کاتێکی دیاریکراو".
عادل عەلی، بەرگدوور لە هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، "شاڵ خواستی زۆر لەسەرە، بەتایبەت لە بەهاردا، سێ چوار جۆر هەیە، شتێکی فۆلکلۆرە و خواستی زۆر لەسەرە و خەڵک حەزی لێیەتی و نرخەکەشی گرانترە".
جەبار ئەحمەد، بەرگدوور لە دهۆک دەڵێت، "جلی دەستکرد خەڵک خواستی زۆرە لەسەری، چونکە جوان و هەرزانن، نرخەکانیش بەپێی قوماش دەگۆڕێت، دەستکرد تاوەکو 60 هەزار و ئەوانی دیکەش تاوەکو 100 بۆ 150 هەزار دینارن".
فەرهاد رەسوول، ژینگەپارێز لە سلێمانی گوتی، ئەو ژینگەپارێزە و دەیویست قاتی شاڵ بكڕێت، بەڵام توانای دارایی نەبووە و ناچاربووە جلێکی 22 هەزار دیناری بکڕێت.
هاونیشتیمانییەک لە سلێمانی باس لەوە دەکات، خەڵک حەز دەکەن جلی شاڵ و گرانبەها بکڕن، بەڵام پارەیان پێ نییە و مووچە نییە، ناتوانن بیکڕن و دەبێت "شتێکی هەرزان و چینی" بکڕێت.
ئومێد سابیر، فرۆشیاری جلی کوردی لە سلێمانی پێیوایە بەراورد بە ساڵانی، دیکە بازاڕ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، "ئەم بازاڕە ساڵەکانی دیکە جمەی دەهات، ئێستا وانییە، دەفرۆشرێت، بەڵام وەکو جاران نییە".
لە هەرێمی کوردستان لە هەموو شارەکان خواست لەسەر جلی کوردی زۆرە، لە کەرکووکیش جیاواز لە ساڵانی دیکە جگە لە کورد، پێکهاتەکانی دیکەش جلی کوردی دەکڕن.
لە بازاڕەکان شێوازی جلی کوردی جیاوازن، زیاتر ئەوانەی خواستیان لەسەرە جۆرەکانی ستارخانی، موراد خانی (مراخانی)، سەرۆکی، مهابادی، کەتافی و رانک و چۆغە.