گەشتوگوازی دهۆک: 737 کەس لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون و قەرەبوو دەکرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، 737 کەس بەهۆی لافاوەوە بێ ماڵ بوون لە هۆتێلەکان دا نیشتەجێ کراون. ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و خواردن و خواردنەوە، هەر کەسێک 100 هەزار دینار هاوکاریی سەرەتایی دەکرێن و دواتر قەرەبووش دەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئادار، د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک و سەرپەرشتیاری ئەو خێزانانەی لە هۆتێلەکانی سنوورەکەدا جێگەی مانەوەیان بۆ دابینکراوە، میوانی (بە کاتی دهۆک)ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو؛ باسی لە هاوکاریکردنی ئەو کەسانە کرد، بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
خەیری عەلی گوتی، تاوەکو ئێستا 737 کەس بەهۆی بێ جێگەییەوە کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە هەشت هۆتێلدا جێگیرکراون. گوتیشی، خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان ئامادەییان دەربڕیوە خزمەتیان بکەن ئەگەر مانگێکیش بمێننەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەک پێکهێنراوە و بەردەوام دەبن لە تۆمارکردنی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو کاژێری 09:00ـی ئەمشەو ئاماری وردی زیانەکانیان بەردەست دەبێت.
 
خەیری عەلی باس لەوە دەکات، هەر خێزانێک لە هۆتێلەکاندا ماونەتەوە، هەر کەسێکیان 100 هەزار دیناریان وەکو هاوکاریی پێدەدرێت بۆ ئەو چەند رۆژەی دەمێننەوە.
 
ئەو کەسانەی لە هۆتێلەکاندا ماونەتەوە تەنیا موسڵمان نین، وەکو بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک باسیکرد، کریستیان و ئێزدیشیان تێدایە و بێ جیاوازی خزمەت دەکرێن.
 
بە گوتەی خەیری عەلی، هەموو هاونیشتمانییانی سنووری دهۆک بۆ هاوکاریی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە یەک دەنگن و رێگەیان نەداوە کێشەکی شوێنی مانەوە و خواردن و خواردنەوەیان بۆ هاونیشتمانیان دروستبێت.
 
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی لافاوەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا قەرەبوو دەکرێنەوە. گوتیشی: "جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سەر هێڵ، بۆیە ئەم بابەتە زوو چارەسەر دەکرێت".
 
وەزارەتی کارەبا ئامادەیی دەربڕیوە کارەبای زیاتر لە پشکی سلێمانی و هەولێر بۆ دهۆک دابینبکات. هەروەها کارگێڕیی سنوورەکە بڕیاریداوە گاز بداتە خاوەنی موەلیدەی هۆتێلەکان وەکو هاوکارییەک بەرامبەر هاوکاری ئەوان بۆ خێزانە لێقەوماوەکان.
 
لە بارانی دوو رۆژی رابردوودا زۆرترین زیان بەر شاری دهۆک کەوت. ئەمڕۆ ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، لە دهۆک بەهۆی لافاوەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها  160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.