لە ئیلام دەیان خانوو لەبەر لافاو چۆڵ کران
رووداو دیجیتاڵ
لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای ئیلام لێزمەباران و تەرزە باری، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو، لە شاری ئێوان لافاو چووەتە نێو ماڵی خەڵک و لانیکەم 40 ماڵ لەبەر لافاو چۆڵ کراون.
حەمزە محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ 20-03-2024، گوتی، "لەسەر ئاستی پارێزگای ئیلام 40 ماڵ ژێر ئاو کەوتوون و چۆڵ کراون، هەروەها یارمەتییان بە 200 کەس گەیاندووە."
شەوی رابردوو لەنێو شاری ئیلام جگە لە بارانی زۆر، تەرزەی زۆریش باری، بە جۆرێک کە شەقامەکانی سپیپۆش کرد.
لە شاری ئێوانیش باران چووەتە نێو دووکانی خەڵک، بەڵام هێشتا بەرپرسان بڕی زەرەر و زیانەکانیان رانەگەیاندووە.
دوێنێ سێشەممە، بەهۆی بارینی بارانەوە، ئاستی ئاو لە زۆر لە رووبارەکاندا بەرزبووەوە و لە چۆمەکانی ئەو پارێزگایەدا لافاو دروستبوو.
محەممەد بیگلەریان، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام گوتی، "لە شاری ئیلام ئاو چووەتە نێو ماڵی خەڵک و هەندێک لە رێگەکانی هاتووچۆی کۆچەرییەکان و رێگەی گوندەکان بەهۆی لافاوەوە داخراون، بەڵام بە خێرایی کێشەکە چارەسەر کرا."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام، "دۆخی ژێرخانەکانی شاری ئیلام ئاساییە و زەرەر و زیانیان بەرنەکەوتووە."
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگای ئیلام، ئەم شەپۆلی بارانە تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لەو پارێزگایەدا چالاک دەبێت.