فریاکەوتنی خێرای سنە: 64 کەس لە ئێوارەی نەورۆزدا بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای نەگونجاویی کەشوهەوا و بارینی باران لە زۆر لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێوڕەسمەکانی نەورۆز بە پێشوازیی خەڵکێکی زۆر بەڕێوەچوون، بەڵام لە پارێزگای سنە 64 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بریندار بوون.
حوسێن جەعفەری، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنە، درەنگی شەوی رابردوو 19-03-2024، رایگەیاند، "بەهۆی رووداوەکانی پەیوەندیدار بە شەوی نەورۆز، 64 کەس بریندار بوون و 15 کەس لەوان لە شارەکانی سنە، سەقز و مەریوان چاویان زیانی بەرکەوتووە."
بە گوتەی حوسێن جەعفەری، 49 لەو کەسانە سووتاون و زیاترین ژمارەی سووتاوەکان خەڵکی شاری سەقزن، کە ژمارەیان 18 کەسە.
ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی ساڵی زایینیی ساڵی پڕ (کەبیسە) بوو، رێوڕەسمی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژێک زووتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەچوو، چونکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژژمێری هەتاوی بەکاردەهێندرێت.
ئێوارەی سێشەممە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوایین رۆژی ساڵی هەتاوی بوو، بۆیە لە هەموو شار و گوندەکان رێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی بارانیش کەمتر مۆڵەتی دەدا، بەڵام لە شارەکانی وەکو مهاباد، ورمێ، شنۆ و نەغەدە رێوڕەسمی زۆر گەورە بەڕێوەچوون.