بارانبارین بەردەوام دەبێت؛ "هەموو ناوچەکان بووژاونەتەوە و بەرهەمی گەنم دوو هێندەی پار دەبێت"
رووداو دیجیتاڵ
ئاماری 24 کاژێری رابردووی بارانبارین بڵاوکرایەوە و کەشناسی رایگەیاند، بارانبارین بەردەوام دەبێت. گوتەبێژی یەکێتی جووتیاران دەڵێت، ئەو شوێنانەی پار وشکەساڵییان تێدابوو ئەم ساڵ بووژاونەتەوە و گەنم زیاتر لە دوو هێندە دەبێت.
بە گوێرەی کەشناسی، لە 24 کاژێری رابردوودا، زۆرترین باران لە پارێزگای سلێمانی لە قەزای بازیان باریوە کە 76 ملیمەترە، لە پارێزگای هەولێر زۆرترین باران لە ناوچەی هیران باریوە کە 63 ملیمەترە، لە پارێزگای دهۆک زۆرترین باران لە زاویتە باریوە، کە 62 ملیمەترە و لە پارێزگای هەڵەبجەش زۆرترین باران لە ناحیەی بیارە باریوە، کە 30 ملیمەتر بووە.
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی بارانی مامناوەند و نمەباران لە هەموو ناوچەکانی دەبارێت؛ "هەندێک کات دەبێتە لێزمەباران".
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی رایگەیاندووە: "نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێ، هەندێک کات بارانبارین لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورە برووسکە".
کەشناسیی ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی پلەی گەرما "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی
دهۆک: 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 11 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 16 پلەی سیلیزی
بڕی بارانبارین
کەشناسیی هەرێمی کورستان بڕی بارانی 24 کاژێری رابردووی بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوە بڵاوکردووەتەوە:
پارێزگای هەولێر: هەولێر 35.1 ملیمەتر، پیرمام 35 ملیمەتر، شەمامک 20.1 ملیمەتر، سۆران 8.5 ملیمەتر، هیران 63 ملیمەتر، خەبات 14.6 ملیمەتر، شەقڵاوە 26 ملیمەتر، حاجی ئۆمەران 13.8 ملیمەتر، بارزان 27 ملیمەتر، رواندز 7.6 ملیمەتر، مێرگەسۆر 30 ملیمەتر، سیدەکان 11.5 ملیمەتر، چۆمان 13.7 ملیمەتر، خەلیفان 19 ملیمەتر، نازەنین 62.2 ملیمەتر، بەنداوی گۆمەسپان 34 ملیمەتر و بەنداوی دوین 37 ملیمەتر.
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی 41.5 ملیمەتر، چەمچەماڵ 60 ملیمەتر، دووکان 39.6 ملیمەتر، بازیان 76 ملیمەتر، رانیە 23.5 ملیمەتر، قەڵادزێ 31 ملیمەتر، ماوەت 40.6 ملیمەتر، چوارقوڕنە 24 ملیمەتر، سەرکەپکان 26.2 ملیمەتر، دەربەندیخان 35.2 ملیمەتر، پێنجوێن 33.4 ملیمەتر، ئاغجەلەر 62 ملیمەتر، سەنگاو 53 ملیمەتر، چوارتا 74 ملیمەتر، سیدسادق 28.3 ملیمەتر، بەرزنجە 60 ملیمەتر، قەرەداغ 55.8 ملیمەتر، قڕگە 43.5 ملیمەتر، تەکیە 51.5 ملیمەتر و سیتەک 44.3 ملیمەتر.
پارێزگای دهۆک: دهۆک 37.3 ملیمەتر، زاخۆ 40.4 ملیمەتر، ئاکرێ 52.4 ملیمەتر، بامەڕنی 40 ملیمەتر، مانگێش 38 ملیمەتر، کانی ماسێ 25 ملیمەتر، ئامێدی 42 ملیمەتر، بجیل 42.5 ملیمەتر، گردەسێن 42.5 ملیمەتر ،دینارتە 37.7 ملیمەتر، باتوفا 32 ملیمەتر، سەرسینگ 46 ملیمەتر، بەردەڕەش 32.5 ملیمەتر، دێرەلووک 30 ملیمەتر، باعەدرێ 36 ملیمەتر، قەسرۆک 34 ملیمەتر، چەمانکێ 48 ملیمەتر، زاویتە 62 ملیمەتر، سێمێل 42.7 ملیمەتر و شێلادزێ 35 ملیمەتر.
گەرمیان و بەشێکی ناوچە دابڕاوەکان: کەلار 43.6 ملیمەتر، مەیدان 25.6 ملیمەتر، خانەقین 35.5 ملیمەتر، کفری 35.5 ملیمەتر، شوان 29.5 ملیمەتر و تەکیەی جباری 50 ملیمەتر.
پارێزگای هەڵەبجە: هەڵەبجە 28.2 ملیمەتر، تەوێڵە 29.8 ملیمەتر، خورماڵ 15 ملیمەتر، بیارە 30 ملیمەتر و سیروان 17 ملیمەتر.
یەکێتی جووتیاران: داهاتی دانەوێڵە ئەم ساڵ لە دوو ملیۆن تۆن زیاتر دەبێ
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەم وەرزە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە. گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیاران دەڵێ، ئەم ساڵ داهاتی گەنم و جۆ دوو ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی باش باریوە و بارانی مانگەکانی چوار و پێنجیش ماون، ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا زیان بە بەرهەم نەگەیێنێ، بەرهەمی ئەم ساڵ زۆر زۆر زیاتر دەبێ لە پار".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە "لە خراپترین دۆخدا" هەر دۆنمێک زەوی بە گەنم چێندراو 500 کیلۆ بەرهەمی دەبێت.
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، "ئەم وەرزە زیاتر لە 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندراوە".
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانی زۆر باش باریوە، ئێستا دەستپێکی بەهارە و کەشەکە گەرمە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە بەرهەمی گەنم باش دەبێ و جۆ زۆر باشتر دەبێ".
گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان گوتیشی: "پار لە زۆرینەی دەڤەری گەرمیان و چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بەشێکی پارێزگای دهۆک و لە دەشتی هەولێر وەکو قەراج و کەندێناوا، هەروەها دەشتی نەینەوا وشکەساڵی تەواو بوو، ئەم ساڵ ئەو ناوچانەش بووژانەتەوە و بە دانەوێڵەی گەنم و یان جۆ چێندراون".
ساڵی رابردوو وێڕای کەمبارانی و لە هەندێک شوێن وشكەساڵی، بەگوێرەی وەزارەتی كشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم گەیشتە یەک ملیۆن تۆن.
هەڵکەوت محەممەد گوتی: "بەگوێرەی ئەوەی ئەم ساڵ زۆر باشترە لە پار، بێگومان بەرهەمی دانەوێڵە دوو ملیۆن تۆن تێدەپەڕێنێت".
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ساڵی 2025 بڕی وەرگرتنی کەم کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن.
بۆ گەنمی ئەم وەرزە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە چوار ملیۆن و 500 هەزار تۆن وەربگرێ، بەڵام روون نییە لەو بەشە پشکی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت.
حکومەتی عێراق دوو ساڵی پێشتر تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 850 هەزار دینار وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ تۆنی بە 700 هەزار دینار وەردەگرێ.
ساڵانە لە دەوروبەری مانگی 10دا چاندنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ناوچەکان دەستپێدەکات و دروێنەکردنیش لە کۆتایی مانگی چوارەوە لە ناوچە گەرمەکان دەستپێدەکات و تاوەکو نزیک مانگی شەش لە ناوچە کوێستانییەکان بەردەوام دەبێ.