مەسرور بارزانی: هەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی کوردستان و دوورخستنەوەی لە هەموو مەترسییەک

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیی 2726، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خۆڕاگریی گەلی کوردستان دەکاتەوە.
 
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیی 2726، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم؛ هیوای شادی و تەندروستییان بۆ دەخوازم."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان هێمای سەرکەوتن، ئازادی، رووبەڕووبوونەوەی زۆرداران و دەستپێکی ژیانێکی نوێیە. هیوای خواست ئەم نەورۆزە ببێتە "دەستپێکی قۆناخێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی شەڕ و ناخۆشی لە ناوچەکە و جیهان بە گشتی."
 
سەرۆکی حکومەت سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد کە بەهۆی "هێرشی ناڕەوا و تیرۆریستییانەی هێز و میلیشیا لەیاسادەرچووەکان"، هەرێمی کوردستان و ژیانی هاووڵاتییان رووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو بووەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە "هەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی کوردستان و دوورخستنەوەی لە هەموو مەترسییەک."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ماندووبوون و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە کارامەیی و لێهاتوویی.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم دۆخە سەختە لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆتایی پێ بێت و هەرێمی کوردستان "وەک هەمیشە لە پێشکەوتن، گەشەسەندن و ئاوەدانیدا بێت."