نەورۆز لە ئاکرێ پیرۆز دەکرێ و مەشەخەڵێکی گەورە هەڵدەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
وێڕای راگەیاندنی ئەوەی بە فەرمی رێوڕەسمی فراوانی نەورۆزی ئاکرێ بەڕێوەناچێ، هەزاران هاونیشتمانی و گەشتیار لە ئاکرێ کۆبوونەتەوە بۆ ئاهەنگی نەورۆز. قایمقامی قەزاکە دەڵێ: "دوو گرووپ مەشخەڵ دەبەنە سەر چیا".
نەورۆزی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک نێوبانگی لە کوردستان و دەرەوەش هەیە، بەهۆی سرووشتی ناوچەکە و گرنگیدانی بە جەژنی نەورۆز، ئەو شارە بە "پایتەختی نەورۆز" ناودەبرێت.
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ئەمنی و بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان و گەشتیاران رامانگەیاندبوو رێوڕەسمی فەرمی ناکەین، بەڵام خەڵکێکی زۆر زۆر هاتوونەتە ئاکرێ بۆ نەورۆز".
قایمقامی ئاکرێ گوتی: "خەڵک خۆیان هاتوون و دەهۆڵ و زووڕنایان هێناوە و شایی و هەڵپەڕکێ دەکەن و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن. ئێمەش ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
دلاوەر بۆزۆر گوتی، هەموو رێکارێکیان بۆ رێوڕەسمی فراوانی نەورۆز ئامادە کردبوو، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە رایانگرت؛ گوتیشی: "هەشت گرووپمان هەبوون مەشخەڵ هەڵبکەن و بچنە چیا، بەڵام ئێستا تەنیا دوو گرووپمان بە مەشخەڵەوە دەچنە چیا".