ئاگری جەژنی نەورۆز لە باشووری کوردستان کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بەهۆی دۆخی ئەمنی و جەنگی ناوچەکەوە راگەیێندرا کە رێوڕەسمەکانی نەورۆز بە فەرمی ناکرێن، بەڵام هاونیشتمانییان لە شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ئاگری نەورۆزیان کردەوە. بەرپرسێک دەڵێ: "دۆخ نالەبارە، بەڵام کاتێک دووژمنیش لێرەبوو ئاگری نەورۆز هەر دەکرایەوە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ 20ـی ئادار، ئاگر لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە کرایەوە؛ هەروەها لە شاری بەغدا ئاگری نەورۆز کرایەوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە یادی نەورۆز بە فەرمی ناکرێتەوە، بەڵام هاووڵاتییان ئازادن [ئاگر بکەنەوە] بەشێوەیەک کە قەرەباڵخی زۆر دروست نەبێ و رێکارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە قەزا و ناحییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە شاری هەولێریش ئاگاری نەورۆز دەکرێتەوە. بەرپرسێکی باڵا بە رووداوی گوت: "رێوڕەسمێکی فراوان و فەرمی بەڕێوەناچێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
لە سنووری پارێزگای دهۆکیش جگە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکە، لە ئاکرێ رێوڕەسمی نەورۆز بەشێوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەچوو.
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ئەمنی و بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان و گەشتیاران رامانگەیاندبوو رێوڕەسمی فەرمی ناکەین، بەڵام خەڵکێکی زۆر زۆر هاتوونەتە ئاکرێ بۆ نەورۆز".
قایمقامی ئاکرێ گوتی: "خەڵک خۆیان هاتوون و دەهۆڵ و زووڕنایان هێناوە و شایی و هەڵپەڕکێ دەکەن و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن. ئێمەش ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
دلاوەر بۆزۆر گوتی، هەموو رێکارێکیان بۆ رێوڕەسمی فراوانی نەورۆز ئامادە کردبوو، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە رایانگرت؛ گوتیشی: "هەشت گرووپمان هەبوون مەشخەڵ هەڵبکەن و بچنە چیا، بەڵام ئێستا تەنیا دوو گرووپمان بە مەشخەڵەوە دەچنە چیا".
قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر باران رێگر نەبێ، "گەورەترین مەشخەڵ ئامادەیە لە چیا هەڵبکرێ، هێندە گەورە و بەرزە پێدەچێت لە شاری هەولێریشەوە ئاگرەکەی ببینرێت".