باوکی یەکێک لە کۆچبەرە خنکاوەکان: قاچاخچی رێگەی نەداوە پێداویستیی مەلەوانی ببەن


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی 15 کۆچبەری کورد هێشتا نەدۆزراونەتەوە، ئەو کۆچبەرانە لە 21-12ی ساڵی رابردوو لە ناو بەلەمێکدا بوون بەر لەوەی بگەنە یۆنان نوقم بوون، کەسوکاریان داوای سۆراخیان دەکەن، تەرمەکان هێشتا لە دەریای ئیجە نەدۆزراونەتەوە. 
 
بەلەمەکە نزیکەی 70 کەسی تێدابووە، 29 کۆچبەری کورد لەو رووداوەدا خنکان. تاوەکو ئێستا تەرمی 14یان دۆزراونەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یۆنانەوە بۆ هەولێری گەڕاندنەوە. 
 
یونس هەمزە، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان بە ناوی ئیبراهیم دەڵێت، "پێش ئەوەی لە تورکیا بڕۆن قسەم لەگەڵ کرد، گوتم کاکە بگەڕێوە مەڕۆ، چیت دەوێ بۆت دەکەم، بەڵام گوتی، 'هەر دەڕۆم' ".
 
لەلایەکی دیکەوە خوناو محەممەد، دایکی یەکێکی دیکە لە کۆچبەرەکان بە ناوی بەختیار نزیکەی چوار مانگە فرمێسکەکانی وشک نەبوون. بەختیار تەمەنی 29 ساڵ بوو و دانیشتووی رانیە بوو.
 
خوناو محەممەد دەڵێت، "لێرە کاری دەکرد، بەڵام کارەکەی وانەبوو، خراپ بوو، گوتی، 'دەڕۆمە دەرەوە'، زۆریشمان پێگوت مەڕۆ، لەوێش قاچاخچییەکە فێڵی لێکردن و لەبری 20 بۆ 30 نەفەر، 70 نەفەریان سوارکردبوو".
 
رێکان عەبدوڵڵا، برای کۆچبەرێکە بە ناوی رێبوار. لە خێزانە پێنج کەسییەکەی برای لە کۆیە، تەنیا رێوانی 12 ساڵان رزگاری بووە، هەروەها تەرمی محەممەدی دوو ساڵانیان بۆ گەڕێندرایەوە.
 
رێکان عەبدوڵڵا، برای رێبوار دەڵێت، "دوایینجار لە تورکیا نامەیەکی دەنگی بۆ ناردم، گوتی، 'دەڕۆین'، مۆبایلەکانمان لێدەستێنن، تاوەکو سێ، چوار رۆژ دەنگمان نامێنێت و مەترسن و گەردەنمان ئازادبکەن. کە بڕیاریاندا بە رێگەی ئاودا بڕۆن، زۆرمان هەوڵدا کە وەرزی پایز و زستانە، بەڵام هەر رۆیشتن، تووشی قاچاخچییەک بوون، ئەو قاچاخچییانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، ئەوە کوردە بە دەستی کورد دەکوژرێت".
 
لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تەرمی 33 کۆچبەریان گەڕاندووتەوە، تەرمی 14 کۆچبەری دەریای ئیجە، 18 تەرمی نۆکەندی ئینگلیز و تەرمێکیش لە سنوورەکانی پۆڵەندا و بێلارووس.