950 قوتابیی گەڕەکێکی هەولێر لەنێو کەرەڤانە دەخوێنن و قوتابخاکەیان کراوەتە گەوەڕی ئاژەڵ

رووداو دیجیتاڵ

باڵەخانەیەک لە گەڕەکی بێرکۆتی هەولێر کە لە ساڵی 2015ـەوە دروستکراوە، بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە و ئێستا بووەتە جێگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ، نزیکەی 950 قوتابیش کە دەبوو لێی بخوێنن، لە دووریی 150 مەتر لە قوتابخانەیەکی لە پلاستیک دروستکراودا دەخوێنن.
 
کە دەچییە نزیک باڵەخانەی قوتابخانەکە وا هەست دەکەی لە گەوەڕی، چونکە هەیکەلی قوتابخانەکە کراوەتە شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات.
 
ئەم باڵەخانەیە ساڵی 2017 بۆ قوتابخانەی بێرکۆتی نوێ دروست کراوە، بەڵام بەهۆی پێنەدانی پارە، بەڵیندەرەکە جێیهێشتووە.
 
قوتابییەکانی قوتابخانەی بنەڕەتیی بێرکۆتی نوێ رۆژانە لە چەند گەڕەکێکەوە دەچنە نێو قوتابخانەیەکی لە پلاستیک دروستکراوی کەرەڤانەیی کە بەشێکی زۆری ژوورەکانی رزیون و کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە.
 
ئەمە جگە لەوەی 35 تاوەکو 50 قوتابی لە پۆلێکی پلاستیکیی بچووک وانە دەخوێنن، سەرما و گەرما بووەتە بەڵای بەردەوامی ژیانی خوێندنیان.
 
ئەحمەد هەڤاڵ، قوتابیی پۆلی پێنجی بنەڕەتییە لە قوتابخانەکە، بە رووداوی گوت "مامۆستاکانمان باشن، بەڵام قوتابیمان زۆرە لە پۆلەکە، بۆیە زۆر قورسە تێبگەین، لەمسەر بۆ ئەو سەری پۆلەکە قوتابییە و بەتایبەتی پۆلی پێنجەکان زۆر زۆرین، جێگەمان نابێتەوە." 
 
سەناریا کاروان، قوتابیی پۆلی پێنجە و ئەویش لەبارەی دۆخی خوێندن لە پۆلەکانیانەوە گوتی "پۆلەکانمان لە زستاندا زۆر ساردن، لە پەنجەرەکانەوە ئاو دێتە ژوورەوە، نەوتیشمان نییە و پۆلەکان زۆر ساردن، هەر کاتیش باران ببارێت، ژوورەکانمان و تەختەی دانیشتنەکانمان تەڕ دەبن، هەروەها لە هاوینیشدا زۆ گەرمە، سپلیتمان هەیە، بەڵام کارەبامان نییە تاوەکو ئیشی پێبکەین، کارەبای قوتابخانەکە لەگەڵ کارەبای گەڕەکەکەیە و زۆر خراپە."
 
کاروان ئەنوەر یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە، لەنێو پۆلێکی قوتابخانەکەیەوە قسە بۆ رووداو دەکات، کە بەهۆی کۆنبوونی زەوییەکەی و شکاوی پەنجەرەکەیەوە، خوێندن لێی راگیراوە 
 
مامۆستا کاروان دەڵێ "تەختەکانی زەوی قوتابخانەکە هەمووی شکا بوو، مامۆستا کە هاتووچۆی دەکرد پێی دەکەوتە نێو تەختە شکاوەکانەوە و ناچار خۆم چاکم کرد بە شێوەیەکی کاتی، ئەوەش چارەسەر نییە." 
 
لەیلا عەبدوڵڵا، مامۆستای قوتابخانەی بێرکۆتی نوێ گوتی "دۆخی قوتابخانەکەمان تاوەکو بڵێی خراپە، نە زستان دەوامی تێدا دەکرێت نە هاوین، بەڵا ئێمە ناچارین بۆیە دەوام دەکەین." 
 
نزیکەی 950 قوتابی بە دوو دەوام لە قوتابخانەکە دەخوێنن، هەشت ساڵە چاوەڕێن قوتابخانە نوێکەیان تەواو ببێت کە تەنها 150 مەتر لەم کەرەڤانانەوە دوورە، بەڵام بەرپرسانی پەروەردە گوتوویانە هێشتا بودجە نییە تاوەکو هاوکاربن قوتابخانەکە تەواو بکرێت.
 
دڵزار مەجید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بێرکۆت بە رووداوی گوت "کەموکوڕیمان زۆرە. ئێمە دەمانەوێت قوتابییەکان باشتر فێربکەین و پێیانبگەیێنین، بەڵام ناتوانین، ئێمە ژووری وەرزشمان نییە، ژووری هونەرمان نییە، ئەگەر بمانەوێت قوتابییەکانمان بکەین بە گرووپ بۆ چالاکیکردن، ناتوانین. تەنانەت ژووری کۆمپیوتەر و هۆڵی داخراو و یاریگەشمان نییە." 
 
گەڕەکی بێرکۆت 1100 ماڵی لێی دەژین، بەڵام بەهۆی خراپی ئەو قوتابخانەیە، بەشێکیان ناچار بوون منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەکانی دیکە بگوازنەوە.