چیرۆکی ژیانی مەلا بەسام: 'ئەم دنیایە بێڕەحمە'


رووداو دیجیتاڵ

کەم بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیە، ڤیدیۆی مەلا بەسام یان دەنگی ئەوی لەکاتی گوتاردان نەبیستبێت. قسەکانی هەمیشە دەبنە ترێند. 
 
بەسام عەلی هەڵگری کۆنیشانەی داونە و لە ناحیەی کەلەکی سەر بە قەزای بەردەڕەش دادەنیشێت. ئەو خەونی ئەوەیە ببێتە مەلا و گوتار بۆ خەڵک بدات. 
 
مەلا بەسام رۆژانە خۆی دەگۆڕێت و دەچێتە مزگەوت، تەسبیحێکی 230 دەنکیش دەکاتە ملی. زۆربەی جار لەکاتی نوێژ لە پشتی پێشنوێژی مزگەوتەکەوە دەوەستێت و شوێنی خۆی بە کەس نادات. 
 
مەلا بەسام ئەوەندە حەزی لە پیشەکەیە، دەیەوێت لەبری مووچەیەک سێ مووچەی مەلایەتی هەبێت. هەروەها حەزی بەوەیە مەندیل و عەبای مەلایەتی بپۆشێت. 
 
مەلا بەسام، کەسێکی دانەبڕاوە لە مەلا عوسمانی مەلازادەی ناسیاویان، ئەو مەلایەی بێ دڵی نەکردووە و لە زۆربەی گوتارەکاندا رێگەی پێدەدات قسە بکات. هەروەها هەندێک جار لەسەر قەبرانیش. 
 
مەلا بەسام لەهەر شوێنێک لابدات، خەڵک بۆ وێنەگرتن لێی کۆدەبنەوە و قسەی لەگەڵ دەکەن. ئەو بەوە ناسراوە زوو زوو گوتار و قسەکانی مەلا عوسمان دەبڕێت و دەبێتە دەمەتەقێیان. هەروەها رۆژانە چوار بۆ پێنج ژەم نان دەخوات.
 
بەسام عەلی لە دایکبووی ساڵی 1985ـە، چوار برا و هەشت خوشکی هەن، ئەو کوڕی بچووکی دایکیەتی. هەروەها برازا و خوشکەزای زۆرن، بەو دۆخەی خۆشیەوە مام و خاڵێکی باشە بۆیان.