بەرپرسی پاسەوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی دیکە لەو کەسانە ئازاد کران کە 22ـی ئابی ساڵی رابردوو لەلازاری سلێمانی دەستگیرکرابوون، لەنێویاندا بەرپرسی پاسەوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی هەیە.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 12 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازادکران".
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، یەکێک لە ئازادکراوانی ئەمڕۆی دەستگیرکراوانی هۆتێل لالەزار، موحسین خۆشناو، بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی لاهوور شێخ جەنگییە.
9ـی ئەم مانگە، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کرابوون، لەنێویاندا یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و عەقید دڵشاد، ئەفسەری خانەنشین هەبوون.
پێشتر ژمارەیەکی دیکەیان ئازاد کرابوون، لەوانە 7 کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.