شەپۆلێکی تەرزە و باران راپەڕینی گرتەوە؛ 35 کەس بریندار بوون و لافاو لە حەوت گەڕەک دروست بوو
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و باران لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، لافاو لە چەند گەڕەکێک دروستبوو. 35 کەسش بەهۆی تەرزە و باران بریندار بوون، هاوکات باوکێک و کوڕێکیش لە ناو لافاو رزگارکران.
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە ماوەی چەند کاژێری ئێوارەی ئەمڕۆدا، 35 حاڵەتی برینداربوون بەهۆی بەربوونەوە و شکانی دەست و قاچ و ئازاری جەستەیی، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە تۆمارکراون."
تەندروستیی راپەڕین هۆکاری زۆریی بریندارەکان بۆ "بەهێزیی شەپۆلی تەرزە و باران و ئاڵۆزبوونی دۆخی هاتووچۆی رێگەوبان و رۆیشتنی پیادە، هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی تەرزەکە رایانکردووە و بەو هۆیەوە تووشی بەربوونەوە و شکان بوون."
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بارانبارین و تەرزەوە لافاو لە حەوت گەڕەکی ناوچەکە دروست بووە، لە ئەنجامدا 21 ماڵ زیانی مادییان بەرکەوتووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی: "هەر ئەمڕۆ پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە کەوتووە و دەست و قاچی شکاوە. هەروەها باوکێک و کوڕێک کە کەوتبوونە ناو لافاوەکەوە، خۆشبەختانە توانرا بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایەگەیاند، بارانبارین بەردەوام دەبێ و سبەی لاواز دەبێ. کەشناسانیش پێشبینی دەکەن، پێنجشەممە و هەینی کەشەکە ئاسایی ببێتەوە.