فەرمانبەرانی قەزا و ناحیەکانی سلێمانی و هەڵەبجە زەوییان وەرنەگرتووە؛ کەی وەریدەگرن؟
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە تەواوی قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە؛ هەروەها لە قەزا و ناحیەکانی هەڵەبجە تەنیا 60 پارچە دابەش کراوە. پەرسانی شارەوانی هەردوو پارێزگاکە لە رێگەی رووداوەوە کاتی دابەشکردنی زەوی رادەگەیێنن.
دوو ساڵ بەسەر فەرمانی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام لە زۆرینەی قەزا و ناحیەکان زەوی دابەش نەکراوە. هەروەها زۆرترین زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە، پاشان لە سلێمانی و دهۆک، کەمترین زەوی لە هەڵەبجە دابەشکراوە.
شارەوانییەکانی سلێمانی: دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەین
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بۆ رووداو، لە سنووری شارەکە نزیکەی 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە. بەڵام لە قەزا و ناحیەکانی ئەو پارێزگایە هیچ پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە.
43 شارەوانی لە قەزا و ناحیەکانی سلێمانی هەن و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانن. لەو سنوورانە تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەران گەڕاوەتەوە و هیچ فەرمانبەرێک زەوی وەرنەگرتووە.
ئاسۆ شێرکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ زەویمان دابەش نەکردووە، چونکە ویستوومانە دادپەروەری هەبێ و لە وەرگرتنی زەویدا هەمووان یەکسانبن."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی گوتی، "لە بەشێکی 43 شارەوانی سنوورەکەمان هیچ زەوییەک نییە بۆ دابەشکردن، بەڵام لە زۆرینەیان دەرفەت هەیە و دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەین."
ئاسۆ شێرکۆ گوتی، "لێرەوە رایدەگەیێنم، لە سێ هەفتەی ئایندەدا دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەین. قۆناخی یەکەم زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی دابەش دەکەین."
شاروانییەکانی هەڵەبجە: لە خورماڵ و سیروان زەوی دابەش دەكەین
لە سنووری تەواوی پارێزگای هەڵەبجە تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 60 پارچە زەوی دابەش کراوە. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگاکە دەڵێ، زۆرینەی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی زەوی تەواو کردووە.
خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری پارێزگاکە تەنیا 60 پارچە زەویمان لە ناحیەی بیارە دابەش کردووە. دواکەوتن لە ئەستۆی ئێمە نەبووە و هاوئاهەنگی تەواوی فەرمانگەکانی دیکەمان پێویستە بۆ دابەشکردنی زەوی."
بەڕێوەبەری شاروەوانییەکانیی هەڵەبجە گوتی، "لە کەمتر لە یەک مانگی داهاتوودا دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکەین، سەرەتا لە خورماڵ زەوی دابەش دەکەین و لە هەمان ماوەدا لە ناحیەی سیروان زەوی دابەش دەکەین و پێدەچێ دابەشکردن فراوانتر بکەین."
بە گوتەی خێڵان عەبدولڕەحمان، لە شارەوانییەکانی هەڵەبجە زۆرینەی کارەکان بۆ دابەشکردنی زەوی تەواو کراون و هاوکاری فەرمانگەکانی دیکەیان ماوە بۆ دابەشکردنی زەوی.
لە سنووری شارەوانییەکانی هەڵەبجە زیاتر لە 6 هەزار فەرمانی دابەشکردنی زەوی گەڕاوەتەوە. وەک بەڕێوەبەری شارەوانییەکان دەڵێ، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی زەوی لە سنوورەکەیان هاوشێوەی شارەوانییەکانی دیکە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان و نەبوونی زەوی نیشتەجێبوون بووە.
لە سەنتەری هەڵەبجە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارچە زەوییەک دابەش نەکراوە. سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی زەوی سەرقاڵی گۆڕینی رەگەزی زەوی کشتوکاڵین بۆ نیشتەجێبوون و نەخشەسازی زەوییەکان. کارەکان تەواو کران، دابەشکردن دەستپێدەکات."
دابەشکردنی زەوی و لە هەولێر و دهۆک
جگە لە 20 هەزار پارچە زەوی لە شاری سلێمانی و 60 پارچە لە هەڵەبجە، بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر 73 هەزار پارچە زەوی و لە سنووری دهۆک زیاتر لە 6 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون.
لەو ژمارە زەوییەی دابەشکراون لە پارێزگای هەولێر، 38 هەزار پارچەیان لە سنووری شارەوانی هەولێر بوون کە 82 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، هەروەها 35 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی پاریزگای هەولێر، کە قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، 11ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زەوی بۆ دابەشکردن هەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگەوە رێگە نادرێ درۆنی رووپێوی بفڕێ و نەتوانراوە زەوی نوێ دابەش بکرێ. دۆخەکە تەواو ئارام بووەوە، دابەشکردن دەستپێدەکاتەوە."
بەگوێرەی شارەوانیی شاری هەولێر بۆ رووداو، "لە نزیکترین ماوەدا بەشی حەوتەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات."
لە سنووری پارێزگای دهۆک 70 هەزار و 907 رەزامەندی وەرگرتنی زەوی دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 6 هەزار و 146 پارچە زەوی دابەشکراون.
کۆی دابەشکردنی زەوی بەگوێرەی پارێزگاکان
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
بەگوێرەی شارەوانی پارێزگاکان بۆ رووداو، دابەشکردنی زەوی بەگوێرەی پارێزگاکان تاوەکو ئەمڕۆ بەم شێوەیە:
پارێزگای هەولێر؛ 73 پارچە زەوی دابەشکراوە
سلێمانی و دەوروبەری؛ 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە
پارێزگای دهۆک؛ 6146 پارچە زەوی دابەشکراوە
پارێزگای هەڵەبجە؛ 60 پارچە زەوی دابەشکراوە