بارانی بەخوڕ لە سۆران باری؛ ''رێگەیەک بە تەواوی داخرا''


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەو شەپۆلە بارانبارینەی دوو رۆژە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر ئاستی ئاو بەرزبووەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رێگەیەکی داخست.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، لە درێژەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە چەند گەڕەکێکی سۆران ئاستی ئاو بەرز بووەوە.
 
بەگوتەی ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، لە سەر رێگەی بەستنەوەی سەنتەری شار بە دێڵزیان و زانکۆی سۆران، ئاو کۆبووەوە و رێگەکە داخرا.
 
لە ئەنجامی داخرانی رێگەکە، قەرەباڵخی دروست بوو و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گیریان خوارد کە لەبری رێگە سەرەکییەکە، ناچاربوون رێگەی نێو بەنزیخانەیەک بۆ هاتووچۆ بەکاربهێنن.
 
تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبان هەرزوو هەوڵیان دا رێگەکە و ئاوەڕۆکان بکەنەوە، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارانبارین بەردەوام دەبێ.
 
هاونیشتمانییەک بە ناوی رزگار کە دانیشتووی سۆرانە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''مەترسی لەسەر ماڵەکەمان دروست بووە، منداڵەکانم زۆر ترساون. تاوەکو ئێستا زیانی مادیمان بەرنەکەوتووە، بەڵام ئەم بەنزینخانەیە زیانی زۆری بەرکەوت''.
 
بارانبارین ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ "تاوە باران و برووسکە لە زۆربەی ناوچەکان دەبێ؛ پێشبینی لێزمەباران و تەرزە دەکرێت. شەو کاریگەری باران لاواز دەبێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو دوای نیوەڕۆ، ئەگەری تاوەباران و برووسکەی لاواز هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان".