وەزیری ناوخۆ: تاوەکو ئێستا روون نییە چەکدادانی پەکەکە چۆن و لەکوێ دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەکدادانی پەکەکە هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ نەنراوە و دیارنییە کەی و چۆن دەبێت.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە بەشێکی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە بڕیاری پەکەکە بۆ چەکدادان کرد و گوتی: "هیچ بەرەوپێش چوونێک نییە، جارێ پرۆسەکە لەنێوان دوو لایەندایە کە پەکەکە و تورکیان".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، گفتوگۆ لەنێوان تورکیا و پەکەکەدا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ نەنراوە. گوتیشی: "ئەوەی لەسەر شانی هەرێمی کوردستان بووبێت رۆڵی خۆی گێڕاوە بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا و لە داهاتووشدا هەر وادەبێت".
12ـی ئەم مانگە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئایار کردووە و بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.
لەبارەی چۆنێتی چەکدادانی پەکەکەوە رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا هەندێک بابەت روون نییە بۆ ئەوانەش گفتوگۆش دەکەن، کە بابەتی چەکدادانە؛ کەی؟ چۆن و لەکوێ دەبێت دیارنییە و گفتوگۆی زیاتری دەوێت".
وێڕای بڕیاردان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادان، تاوەکو ئەمڕۆ پەکەکە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی رانەگەیاندووە، هەروەها لە لێدوانی جیادا ئاماژەیان بەوەکردووە، چاوەڕوانی هەنگاوی تورکیان بۆ پرۆسەی ئاشتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەیان.