بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: پێویستە بۆ سەقامگیربوونی سووریا سزاکانی سەری هەڵگرین

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە دەرفەتێک بدرێتە حکومەتی سووریا بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەکە سەقامگیر بکەن. دەشڵێت، ئەمە لە رێگەی هەڵگرتنی سزاکانەوە دەکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، لە برۆکسل کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە تایبەتە بە پرسی بەرگری بەڕێوەچوو.
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە کارمان لەسەر هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا کردووە." دەشڵێت، "هەوڵدەدەین هاوکاریی هاووڵاتییانی سووریا بکەین چونکە دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد رووخا، ئەوە روونە کە دەمانەوێت دەرفەتی کارکردن و ژیانێکی خۆش بۆ خەڵک هەبێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەقامگیریی زیاتری هەبێت. بۆ ئەوەی ئەوانەش هەبن، پێویستە سزاکان هەڵگرین."
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، " گفتوگۆی زۆر چڕمان هەبووە و نیگەرانیش سەبارەت بەوە هەیە کە ئایا حکومەت بە ئاڕاستەیەکی راستدا دەڕوات یان نا، بەڵام پێموایە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە. یان دەبێت دەرفەتی ئەوەیان پێبدەین کە وڵاتەکەیان سەقامگیر بکەن، ئەگەر ئەوە نەکەین، ئەوا هەمان دۆخی ئەفغانستانیان دەبێت". 
 
ساڵی 2011 خۆپێشاندانی سووریاییەکان دژی رژێمی ئەسەد دەستیپێکرد. دواتر، خۆپێشاندانەکە بووە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ و رژێمەکەش بە بەکارهێنانی چەکی جیاواز دژی خەڵکی سڤیل تۆمەتبار دەکرێت. بەو هۆیەوە وڵاتانی رۆژئاوا چەندین سزایان بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند. 
 
ئەندرێس سپرودس، وەزیری بەرگریی لاتیڤیا سەبارەت بەو سزایانە لە وەڵامی رووداو دا گوتی، "پێموایە پێویستە دەرفەتێک بە سووریا بدەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە دەتوانێت پێشبکەوێت، کە دەتوانێت لە روانگەی دیموکراتیەوە پێشبکەوێت." 
 
ئەو دەشڵێت، "گرنگە لەم ساتەی ئێستادا پاڵپشتی خەڵکی سووریا لە رووی مرۆییەوە بکەین و دەستپێشخەریەکیش بدەینە حکومەتی سووریا بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا هەبێت". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە زۆر رووەوە رووبەڕووی وێرانکاری بووبنەوە، ئەوا بەشێکی بەهۆی کاریگەرییەکانی سووریاوە بووە. بەو هۆیەوە سەقامگیری لە سووریا واتا سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست". 
 
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی پار حکومەتی سووریا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەسەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام رووخێندرا. دواتر، گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کات حکومەتێکی کاتیان لەو وڵاتە پێکهێنا.