سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسە جێبەجێ کرا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شلێر رەسووڵی
رووداو دیجیتاڵ
سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسە جێبەجێ کرا کە ساڵی 2022 لە مەریوان هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتە سەر ژنێک و ژنەکە بۆ پاراستنی خۆی، خۆی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیانەوە فڕێدایە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ناهید رەسووڵی، برای شلێر رەسووڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 20-05-2025 لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە سزای لەسێدارەدانی گۆران قادری جێبەجێ کرا.
ماڵپەڕی دەزگەی دادی ئێرانیش بڵاویکردەوە، گۆران قادری بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی شلێر رەسووڵی و بە بارمتەگرتنی و هەڕەشەکردن لێی لە دادگەی سنە بە لەسێدارەدان سزادراوە و سزاکەی دوای پەسندکردن لە دادگەی پێداچوونەوە و دیوانی باڵای دادوەریی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە جێبەجێ کرا.
شلێر رەسووڵی، تەمەن 36 ساڵ و دایکی دوو منداڵ، نیوەشەوی 03-09-2022 بەهۆی خۆفڕێدان لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمی ماڵی دراوسێیەکیان بە سەختی برینداربوو و دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەو کاتەی ئەو رووداوە روویدا، هاوژینی شلێر رەسووڵی بۆ کارکردن لە باشووری کوردستان بوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەو کات تۆڕی میدیایی رووداو لە دراوسێ و کەسانی ئاگادارەوە دەستی کەوتن، گۆران قادری بە فێڵی ئەوەی هاوژینەکەی نەخۆشە، چووبووە بەر دەرگای شلێر رەسووڵی و داوای لێکردبوو بچێتە ماڵیان و هاوکاری خێزانەکەی بکات، بەڵام کاتێک شلێر چووە، ماڵەکە چۆڵ بووە و گۆران دەرگای لەسەر داخستووە و ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتەسەر، ئەویش رایکردووە بۆ نهۆمی سەرەوەی ماڵەکە و خۆی لە پەنجەرەوە فڕێداوەتە خوارەوە.
ناهید رەسووڵی بە رووداوی گوت، نەوەک تەنیا خۆیان وەک کەسوکاری شلێر رەسووڵی، بەڵکو بەشی زۆری خەڵکی مەریوان داوای جێبەجێکردنی ئەو سزایەیان دەکرد و دوای جێبەجێکردنی سزاکەش، پێی دڵخۆشن و پیرۆزباییان لێدەکەن.