بەڵێنی یەک مانگە باجی کەمتەرخەمیی پزیشکی بە قاچی دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

کەمتەرخەمییەک لە نەخۆشخانەکەی، دۆخی بەڵێنی تەمەن یەک مانگی خستووەتە مەترسییەوە. لەگەڵ لەدایکبوونی لە نەخۆشخانەیەکی سنووری بەحرکە گەشکە دەیگرێ و خستوویانەتە نێو شوشە. دوای دوو هەفتە دەڵێن دۆخی جێگیرە و بە قاچ پێچراوی نەخۆشخانە دەیدەنەوە دایک و باوکی. 
 
ستافی نەخۆشخانەکە گوتوویانە بەهۆی جوڵەی زۆر، کانیۆلا لە قاچی ئاوت بووە و تووشی برینێکی بچووک بووە، بیبەنە ماڵەوە و دواتر پێشانی پزیشکی بدەن. 
 
یوسف فەلاح، باوکی بەڵێنە و بە رووداوی گوت: "ئیدی هێنامانەوە ماڵەوە، بۆ بەیانی کردمانەوە و سەیرمان کرد تەواو بۆگەن بووە و رەش بووە، هیچ سوود لە مەلحەمەکەش نابینێت، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەوە کرد، گوتمان شتێکی ئاوا روویداوە، 'گوتی باشە رەوانەکردنتان بۆ دەکەم'، لە نەخۆشخانەی بەحرکە بە ئامبۆلانس دەینێرین بۆ نەخۆشخانەی رۆژئاوا و دەیخەوێنین." 
 
دیمەنی سەرەتای خەواندنی بەڵێن لە نەخۆشخانە دەریدەخات کانیۆلا لە قاچی بەستراوە، لە دیمەنەکانی چەند رۆژ دواتریدا دەردەکەوێت کە قاچی پێچراوە. دوای رەوانەکردنی منداڵەکە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی بەحرکە بۆ فریاکەوتنی رۆژئاوا، راپۆرتی پزیشکی ئاماژە بە برینەکەی قاچی دەکات.
 
باوکی بەڵێن دەشڵێت، دوایش لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا گوتیان تەواو ئەوە قاچی ئاوساوە و گۆشتی رەش بووە، دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت بە سڕکردنی گشتی، مردنیش پەیوەندیمان پێوە نییە، مردن لەدەست خودایە و لەسەر بەرپرسیاریێتیی ئێوە نەشتەرگەری دەکەین، نەشتەرگەرییان کرد ئەو گۆشتە بۆگەنی و رەشەکانی لێکردەوە و هێنایانە دەرەوە، سوپاس بۆ خودا.
 
بەڵێن لە تەمەنی 18 رۆژی و بە سڕکردنی گشتی نەشتەرگەری بۆ کراوە و لە قاچ بڕینەوە رزگاری بووە، بەڵام بنەماڵەکەی دەڵین ئەمە هێشتا سەرەتایە، پزیشک پێیگوتوون دەبێت پێستی دەستکردی بۆ دابنێن تاوەکو تەمەنی دەبێتە یەک ساڵ دواتر دەست بە چارەسەر بکەن گرەنتیش نییە قاچی وەک کەسێکی ئاسایی لێدێتەوە یاخود نا.
 
چوومە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە رووداوەکە تێیدا روویداوە، پەیوەندیم بە ئەوان و وەزارەتی تەندروستیشەوە کرد، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون بۆ رای گشتی لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن، چەند سەرچاوەیەک لەنێو نەخۆشخانەکە پێیان گوتم، ئەو رۆژەی کە رووداوەکە روویداوە، کاژێر 10:00ـی بەیانی کانیۆلا بۆ قاچی ئەو منداڵە دانراوە، دواتر لە کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ، ئەو کاتەی کە شیفتی کارمەندەکان گۆڕاوە، پێیان زانیوە کە کانیۆلاکە ئاوت بووە.
 
ئەوان باسیان لەوە کرد، بەلایانەوە سەیرە دۆخی بەڵێن گەیشتووەتە ئەو رادەیە و قاچی ئاوای لێهاتووە، چونکە پێشتر کەیسی منداڵ هەبووە کە کانیۆلا ئاوتی کردووە، قاچی یاخود دەستی بۆ ماوەیەکی کاتی ئاوساوە، بەڵام بەم شێوەیە ئەمە یەکەمین جارە رووبدات.
 
سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکە بەقسەی خۆیان، شان دەدەنە بەر بەرپرسیارەتییەکە و بۆ ئەوەش رێکار بەرامبەر کارمەندێکی نەخۆشخانەکە گیراوەتەبەر کە پەرستارە، ئەو پەرستارە بووە کە کانیۆلای بۆ منداڵەکە داناوە. 
 
خەمی ئازاری جگەرگۆشەکەی لەلایەک و ترسی نەبوونی و تێچووی رابردوو، ئێستای و داهاتووی، برسکی لێ بڕیوە. باوکی بەڵێن داوا لە حکومەت دەکات چارەسەرێکی منداڵەکەی بکەن، "با ئەو پزیشکە بێتە سەر خەت و قسەی لەگەڵ بکەن بزانن پێویستی ئەم منداڵە چییە و چی پێویستە بۆی بکات، ئەو منداڵە تاوانی چییە تەمەنی 18 رۆژ بێت لە دەستی پزیشک وای لێبێت؟" 
 
لەم مانگەدا ئەمە 3 یەمین کەیسی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکییە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەبێت کە لە یەکێکیان بە ژیانی دایکی 7 منداڵان کۆتاییهات.