دەزگای روانگە لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبای 24 کاژێری بۆ گوندێکی هەریر دابین دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە گوندێکی سنووری هەریر بە وزەی خۆر رووناک دەکاتەوە. ئەمە یەکەم گوندی هەرێمی کوردستانە تەواوی ماڵەکان بە وزەی خۆر کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابین دەکرێت.
 
لە پڕۆژەیەکی نوێی ژینگەییدا، دەزگای روانگە تەواوی پێداویستییەکانی وزەی خۆری بۆ گوندی گولەک لە شارۆچکەی هەریر دابینکرد، کە زیاتر لە 200 کەس لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی ئایاری 2025، دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پڕۆژە ژینگەییەکانی و بە ئامانجی پەرەپێدان بە بەکارهێنانی وزەی پاک، سیستمی وزەی خۆری بۆ گوندی گولەک لە سنووری هەریر دابینکرد. پڕۆژەکە 36 یەکەی نیشتەجێبوون، مزگەوت، قوتابخانە و هۆڵێکی بۆنەکانی گوندەکە دەگرێتەوە.

 

 

سیستمەکە لە 195 پانێڵی خۆر، 156 پاتری و 39 ئینڤێرتەر پێکهاتووە و توانای دابینکردنی 535 ئەمپێر کارەبای هەیە. بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، نزیکەی 200 دانیشتووی گوندەکە سوودمەند دەبن و چیتر پشت بە سەرچاوە کۆنەکانی وزە نابەستن.
 
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی تیمی دەزگای روانگە و دانیشتووانی گوندی گولەک، پڕۆژەکە بە فەرمی کرایەوە. دانیشتووانی گوندەکە سوپاسی دەزگای روانگەیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان بە گەیشتنی ئەم تەکنەلۆژیا سەردەمییە و سەلامەتە بۆ گوندەکەیان دەربڕی، کە جگە لە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژینگەی ناوچەکەش دەبێت.
 
 
دەزگای روانگە جەخت لەسەر بەردەوامیی پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکانی دەکاتەوە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کەرتی ژینگە و پەرەپێدانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان.