شارەوانیی سلێمانی: بەشێکی شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە لە سێ مانگی داهاتوودا بەشێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بکرێتەوە. گوتەبێژی شارەوانی دەڵێت، "لە سەرەتای شەقامی تاسڵوجە تاوەکو نزیک گەڕەکی بەکرەجۆ دەگرێتەوە. هاوکات نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنیش دەستیپێکردووەتەوە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی 5ی 2025، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمساڵ بەشێکی سەرەکیی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەکرێتەوە و لە سەرەتای شەقامی تاسڵوجە تاوەکو نزیک گەڕەکی بەکرەجۆ دەگرێتەوە."
 
بە گوتەی زەردەشت رەفیق، کاتی تەواوبوونی پرۆژەکە مانگی 9ی 2026ـە. لەبارەی کردنەوەی ئەو بەشەی شەقامەکەش دەشڵێت: "بڕیارە سێ مانگی دیکە ئەو بەشە سەرەکییەی بکرێتەوە."
 
درێژیی رێگەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 32 کیلۆمەترە. پڕۆژەکە حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، چوار پرد و فلای ئۆڤەرێک لەخۆ دەگرێت. لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، "دیزاینی هەشت شەقامی دیکە ئامادەکراون کە بۆ فراوانکردنی پرۆژەکە و بەستنەوەی شەقامی 100 مەترییە بە سلێمانی."
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامەکانی شاری سلێمانییەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی: "نۆژەنکردنەوەی شەقامی تاسڵوجە و سەرداراوامان تەواو کردووە و ئێستا لە گەڕەکی راپەڕینین و بەپێی پرۆگرامی پرۆژەکانمان بەردەوام دەبین."
 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە ''ئۆتۆبانی بابان''یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان. لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە ‌چەند قۆناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ‌ماوە‌ی 1100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
 
رۆژی 30ی نیسانی 2025، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دیناری بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دا. لەو 45 ملیارە، نزیکەی  20 ملیار دینار وەکو شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرابوو.