گەنجانی سەیدسادق شاخەکەیان سەوز دەکەن؛ پارەیەکی چاوەڕواننەکراویان بۆ چوو
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی جەماوەریدا، دانیشتووانی سەیدسادق خۆبەخشانە و بەهەرەوەزی، قەدپاڵی بەشێک لە شاخەکەیان سەوزتر کرد. کارەکە لەسەر داواکاری و بیرۆکەی چەند گەنجێک بوو، کە ئامانجیان زیادکردنی رێژەی سەوزایی شارەکەیانە.
رامیار شەوکەت، خاوەنی بیرۆکەی سەوزکردنی شاخی سەیدسادق بە رووداوی گوت، "کاتێک دەستمان پێکرد، لەو بڕوایەدا نەبووین خەڵک ئاوا پێشوازی لێبکەن، بەڵام دواتر تووشی شۆک بوووم کاتێک بەو جۆرە پاڵپشتمان بوون."
نەمامە تازەنێژراوەکان 1500 دانەن و لەجۆری زەیتوون، ئەرخەوان، ژاڵە و توون.
عەتا کەریم، سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی هاوکاریی پڕۆژەکە دەڵێت، "کۆی ئەو پارەیەی بۆمان هاتووە، 2635 دۆلار و بە دیناریش زیاتر لە 7ملیۆن دینارە."
گەنجە خۆبەخشەکان، هەر بە پارەی خەڵکی شارەکە، بیرێکی قووڵیان هەڵکەند کە لە 222 مەتر، 135مەتری ئاوی تێدایە.
بەرهەم حەسەن، سەرپەرشتیاری لێدانی بیرەکەیە، دەڵێت: کۆی تێچووی بیرەکە و ژوورێک بۆ سەرپەرشتیکردنی، 65 ملیۆن دینارە، تائێستا 5 ملیۆن و 150 هەزار لەگەڵ 2000$ دۆلار کۆکراوەتەوە، داوامان لە خەڵکی خێرخواز و ئەوانە هەیە کە شارەکەیان خۆشدەوێت، هاوکاریمان بکەن."
سەیدسادق ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیک بووەتەوە لە 130,000 کەس، بە دووریی 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە.