سەرۆکی دامەزراوەی پەی: حیزبەکان زیاتر لە هەزار بەڵێنیان داوە و جێبەجێ نەکراون


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیێنێت، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا زیاتر لە هەزار بەڵێنیان بە خەڵک داوە، بەڵام "تاوەکو ئێستا یەک بەڵێنیش جێبەجێ نەکراوە."
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، دامەزراوەکەیان 13 ساڵە چاودێریی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، "بەداخەوە خولی شەشەمی پەرلەمان نزیکەی دوو ساڵە جگە لە دانیشتنی سوێندخواردن، هیچ دانیشتنێکی دیکەی نەکردووە و دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست."
 
سەرۆکی دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ شکاندنی ئەو بەستەڵەکە سیاسییە، هەوڵیانداوە دیبەتێک بۆ سەرجەم حیزبە سیاسییەکان رێکبخەن، بەڵام زۆربەی لایەنەکان لە دوا ساتەکاندا پاشەکشەیان کردووە.
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم هێز بوو کشایەوە، دوای ئەویش نەوەی نوێ و دواتر یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان گوتیان ئەگەر هەمووان بەشداربن، ئینجا ئێمە بەشداری دەکەین. کۆمەڵی دادگەریش هەر لە سەرەتاوە بەشداریی رەتکردبووەوە، چونکە دانیان بەو پەرلەمانەدا نەناوە."
 
سەرۆکی دامەزراوەی پەی، بەرپرسیارێتیی پەککەوتنی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەڵێت: "چەندە پارتی و یەکێتی ئۆباڵیان لە ئەستۆیە، هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش هەریەکە و هێندەی خۆی بەرپرسیارە و هیچ کامیان لەو بەرپرسیارێتییە بەدەرنین."
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، جەختی لەسەر ئەو بەڵێنانە کردەوە کە حیزبەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکیان داوە و رایگەیاند، بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەکەیان، حیزبەکان "زیاد لە هەزار بەڵێنیان بە خەڵکی کوردستان داوە، تاوەکو ئێستا یەک تاکە بەڵێنیش جێبەجێ نەکراوە."
 
بەپێی قسەکانی سەرۆکی دامەزراوەی پەی ئاماری بەڵێنەکان بەمشێوەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 133 بەڵێن
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 174 بەڵێن
- بزووتنەوەی گۆڕان: 70 بەڵێن
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 37 بەڵێن
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 52 بەڵێن
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 65 بەڵێن
- رەوتی هەڵوێست: 143 بەڵێن
- بەرەی گەل: 278 بەڵێن
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان داوای لەو پەرلەمانتارانە کرد کە "بێهەڵوێست" دانیشتوون و هیچ ناکەن، دەست لەکار بکێشنەوە بۆ ئەوەی "ئەو بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی خۆیان لاببەن." روونیشیکردەوە، کاری پەرلەمانتار بەدواداچوونی شەخسی نییە، بەڵکو بریتییە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پێکهێنانی لیژنەکان و یاسادانان، کە هیچ کام لەمانە نەکراون.