لە هەولێر یەکەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلمی ژینگەیی سازدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی، یەکەمین فێستیڤاڵی "کوردستان ژینگەی جوان" بۆ کورتەفیلمی تایبەت بە (ژینگە، گەشەپێدان و پێکەوەژیان) لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، کە ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لە پاراستنی ژینگە.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر و چەند کۆمپانیایەک، پشتیوانیی ئەم بیرۆکەیەمان کردووە کە هی دەرهێنەری کورد (پشتوان عەبدوڵڵا)یە و چەند بەرهەمێکی دەربارەی ژینگە ئامادەکردووە و لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگەدا پەخش دەکرێن."
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، چالاکییەکان تەنیا لە سینەما نامێننەوە، بەڵکو "رۆژی دوای فێستیڤاڵەکە، دەچنە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەک پشتگیرییەک بۆ سرووشتی کوردستان، کۆمەڵێک نەمام دەچێنن."
فێستیڤاڵەکە لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە دەستپێدەکات و کاژێرێک و نیو بەردەوام دەبێت.
ئەو فێستیڤاڵە کە لەژێر دروشمی "مرۆڤ هەڵقوڵاوی ژینگەیەتی" لە سینەمای ئەمپایەر سازدەکرێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 18 کورتەفیلمی جۆراوجۆر لە جۆرەکانی (فیکشن، دۆکیومێنتاری و پڕۆمۆ) نمایش دەکرێن. جگە لە نمایشەکان، تیمی فێستیڤاڵیش چەند فیلمێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە بەرهەمدێنن. هەروەها دوو لیژنەی تایبەتمەندی هونەری، هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکان دەکەن و سێ خەڵاتی تایبەت بەسەر باشترین سێ کورتەفیلمدا دابەش دەکرێن.
ئامانجێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە وەک لە راگەیێندراوی فێستیڤاڵەکەدا هاتووە، "نیشاندانی رووە گەش و جوانەکەی کوردستانە لە رێگەی ژینگە و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە شەڕ و ململانێکان ناتوانن ئیرادەی ژیان و جوانی لای مرۆڤی کورد لاواز بکەن.