تایبەت بە رووداو؛ پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق بڕیاری دا رۆژانی پشووی کۆتایی هەفتە بکرێتە دەوام، بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی کوردستان دەڵێت: "سبەی دەست بە گفتوگۆ دەکەین و داوا دەکەین پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی ئێمەش بنێردرێت".
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو لەلایەن شاندێکی تەکنیکییەوە، لیستی مووچەی مانگی ئایار و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان بۆ بەغدا دەنێردرێت. بەیانی لیستەکە و تەرازووی پێداچوونەوە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەبێت و گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا دەستپێدەکات."
لەبارەی ئەگەری دابەشکردنی مووچە پێش جەژن، سەرچاوەکە گوتی: "سبەی داوا دەکەین پێش جەژن مووچەی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت، ئەگەر بەغدا رەزامەندی بدات و پارەکە تەمویل بکات، ئەگەر پشووش بێت، پێش رۆژانی جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین".
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکەی کردووە، رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو دەوام رانەگرن و بەردەوام بن لە کارەکانیان.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چەند رێکارێک بگرێتەبەر، لەوانە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە، ناردنی داهاتی نانەوتی، هەروەها ناردنی نووسراوی بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.