پلەی زیاتر لە 8 هەزار پێشمەرگ بەرزکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بە بۆنەی پلەبەرزکردنەوەی 8758 کارمەند و پلەداری وەزارەتەکەی لە خشتەی نەورۆزی 2026، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، وەزیری پێشمەرگە لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "گەرمترین پیرۆزبایی لە کارمەندان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین. ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، مافێکی شایستە و یاسایی خۆتانە کە دەرەنجامی دڵسۆزی و ئەرککێشانی بەردەوامتانە لە پاراستنی خاک، نیشتمان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان."
 
شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، کە کارمەندانی پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری هەرێمی کوردستان بوون و "شایستەی هەموو رێز و پێزانینێکن."
 
وەزیری پێشمەرگە هیوای خواست ئەم پلەبەرزکردنەوەیە ببێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون لەسەر پەرەپێدانی تواناکانیان، لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی کوردستاندا.
 
11ـی ئەم مانگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی بەشێک لە ئەفسەرانی وەزارەتەکەی کرد.