گومرگی کوردستان: ئەوانەی مۆڵەتی نوێی شوفێریان هەیە، پێویستی بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی نییە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەو شۆفێرانەی هەڵگری مۆڵەتی نوێی شۆفێریی ناوخۆیین، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، جەوهەر مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (14431) کە لە 2026/5/18 دەرچووە، بڕیاردرا ئەو کەسانەی مۆڵەتی نوێی شۆفێریی ناوخۆییان هەیە، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و پێویست ناکات مۆڵەتەکەیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی نێودەوڵەتی."
پێشتر بۆ گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، دەبووایە شۆفێر دەفتەری رێگەپێدانی ئۆتۆمبێلی هەبێت و لە بەڕێوەبەرایەتییەکان وەریبگرێت، بەڵام لەمەودوا ئەو کەسانەی مۆڵەتی شۆفێرییان بە سیستەمە نوێیەکەیە، پێویستیان بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی نابێت، چونکە مۆڵەتە نوێیەکە لە دەرەوەی وڵاتیش کاری پێدەکرێت.
سەبارەت بەو کەسانەی کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ گوتی: "ئەو کەسانەی مۆڵەتی نوێی ناوخۆییان هەیە، بەڵام بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ناکەن، ئەگەر لە دەرەوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن دەبێت مۆڵەتی نێودەوڵەتیان هەبێت ."
3ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕدرا بۆ "سیستەمێكی نوێی مۆدێرن."