کۆنسووڵی تورکیا لە هەولێر: ئیبراهیم خەلیل دووەم قەرەباڵخترین دەروازەی وشکانیی جیهانە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر بە رووداوی گوت، گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی و هێڵی ئاسمانیی تورکی لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە دووەم گەشتی رۆژانەی دەکاتەوە. 
 
تۆپچو بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی گوت، بۆ بەردەوامبوونی بازرگانیی وشکانی، "زۆر گرنگە" هەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی گومرگ رێکبکەون، بەتایبەتی لە کاتێکدا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دووەم قەرەباڵخترین دەروازەی جیهانە.
 
ئەرمان تۆپچو ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی جەنگی ئەم دواییەی ئێران کرد و رایگەیاند، "هەرچی لەو ماوەیەدا روویدا زۆر ناخۆش بوو. ئاسمان داخرا و هەموو هێڵە ئاسمانییەکان ناچار بوون چالاکییەکانیان رابگرن."
 
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا پشتڕاستیکردەوە، جووڵەی ئاسمانی گەڕاوەتەوە و گوتی: "ئێستا، سوپاس بۆ خوا، هێڵی ئاسمانیی تورکی، پێگاسوس و ئاجێت، گەشتەکانیان لە هەولێرەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێکردووەتەوە. هێڵی ئاسمانیی تورکی و پێگاسوس رۆژانەن."
 
تۆپچو هەواڵێکی خۆشیشی راگەیاند و گوتی، "هێڵی ئاسمانیی تورکی دووەم گەشتی رۆژانەی خۆی لە 2ـی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات."
 
سەرەڕای ئەوەی هۆشداریدا کە "ئێستاش هەندێک هێرشی درۆنی بەردەوامن و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە بۆ هەموو کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی،" بەڵام رایگەیاند، ئێستا گەشتەکان بە شێوەی رۆژانە بەڕێوەدەچن.
 
سەبارەت بە بازرگانیی وشکانی، کۆنسووڵی تورکیا گرنگیی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی خستەڕوو و رایگەیاند، "ئەگەر سەیری ژمارەی تێپەڕبوونە وشکانییەکان بکەیت، دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل/پێشابوور دووەم قەرەباڵخترین دەروازەی وشکانییە لە جیهاندا دوای سنووری ئەمریکا/مەکسیک."
 
تۆپچو چارەسەری کێشەکەی بەستەوە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و گوتی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەولێر و بەغدا پێویستە بگەنە تێگەیشتنێک لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) و رێنماییەکانی گومرگ. ئێمە هەمان پەیام بۆ بەغدا و هەولێریش دەنێرین. ئەوە گرنگترین شتە."
 
کۆنسووڵی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و گەڕانەوەی سووریا، "کۆمپانیاکان کاتێک رێگری و گەمارۆ دەبینن، بەدوای رێگەی دیکەدا دەگەڕێن. ناتوانن رێگری لە رەوتی پارە بکەن."
 
لە کۆتاییدا گوتی، "هەر بۆیە ئێستا زۆر گرنگە کە هەولێر و بەغدا بگەنە ئەو تێگەیشتنە و رێگە بدەن بازرگانی بەردەوام بێت، چونکە ئێستا بەهۆی پێشهاتەکانی ئێرانەوە، زۆر گرنگە کە ئەم رێڕەوە، ئەم بازرگانییە بەبێ هیچ پچڕانێک بەردەوام بێت."
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز کۆنسوڵ. دەمەوێت پرسیار لەبارەی ئەوە بکەم، ژمارەی ئێستای گەشتەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا چەندە و بە بەراورد بە کاتی جەنگی ئێران، چەندە زیادیکردووە؟
 
ئەرمان تۆپچو: زۆر سوپاس. وەک دەزانیت، ئەوە تاڕادەیەک ناخۆش بوو. هەرچی لەو ماوەیەدا روویدا زۆر ناخۆش بوو. جەنگەکە خۆی وێرانکەر بوو و لێرەش لە هەرێمی کوردستان هەندێک دەرەنجامی هەبوو. بەهۆی ئەوەوە، وەک دەزانن، ئاسمان داخرا، هەموو هێڵە ئاسمانییەکان ناچار بوون چالاکییەکانیان رابگرن. بەڵام ئێستا، سوپاس بۆخوا، هێڵی ئاسمانیی تورکی و پێگاسوس و ئاجێت، گەشتەکانیان لە هەولێرەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێکردووەتەوە. هێڵی ئاسمانیی تورکی و پێگاسوس رۆژانەن. ئاجێت دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا رۆژانە نییە. هێڵی ئاسمانیی تورکی دووەم گەشتی رۆژانەی دەستپێدەکات، لە 2ـی حوزەیرانەوە. کەواتە، بە تاقیکردنەوەی بارودۆخە هەنووکەییەکان، هەندێک هێرشی درۆنی لە ئێستاشدا بەردەوامن، ئەوەش تاڕادەیەک جێگەی نیگەرانییە بۆ هەموو کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی، بەڵام ئێستا بە شێوەی رۆژانە بەڕێوەدەچێت.
 
رووداو: چی لەبارەی دەروازەی سنووریی رەبیعە؟ پلانی تورکیا چییە بۆ زیادکردنی بازرگانی لە رێگەی ئەو سنوورەوە؟ ئایا بەنیازن بازرگانی لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە فراوان بکەن؟
 
ئەرمان تۆپچو: یەکەم شت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەولێر و بەغدا، مەبەستم حکومەتی فیدراڵیی ئێرە و حکومەتی ناوەندی، پێویستە بگەنە تێگەیشتنێک لەسەر سیستمی (ئەسیکۆدا) و رێنماییەکانی گومرگ. ئێمە هەمان پەیام بۆ بەغدا و هەولێریش دەنێرین. ئەوە گرنگترین شتە. ئەوەندەی من بزانم، دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی باش و لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی ئێرە لە بەغدا، گفتوگۆی زیاتر دەبێت. کەواتە ئەوە بەڕاستی گرنگترینیانە، چونکە دەتوانم بڵێم لە ئیبراهیم خەلیل، دەروازەی سنووریی پێشابوور، ئەگەر سەیری ژمارەی تێپەڕبوونە وشکانییەکان بکەیت، دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل/پێشابوور دووەم قەرەباڵخترین دەروازەی وشکانییە لە جیهاندا دوای سنووری ئەمریکا-مەکسیک. هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لەوێ بە باشی کەمیکردووە. بەهۆی ئەم مشتومڕەوە، ئێستا ژمارەکە زۆر کەمە. ئەوەی گرنگە، گەیشتنە بە تێگەیشتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدادا. ئێمە لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی ناوەندی و هەروەها لێرەش لە حکومەتی فیدراڵیدا، هانیان دەدەین ئەوە گرنگترین شتە. لەلایەکی دیکەوە، بێگومان، دوای ئەوەی سووریا گەڕایەوە سەر شانۆی ناوچەکە، ئەوە تەنیا لەبارەی سیاسەت و ئاسایش نییە. ئەوە ئابوورییش لەخۆدەگرێت. لە رووی ئابوورییەوە، لە رووی دەروازە وشکانییەکانەوە، لە رووی رێڕۆکانی گواستنەوەوە، سووریا خەریکە دەگەڕێتەوە نێو ناوچەکە، ئەوە تەنیا سەبارەت بە ئاراستە فەرمییەکان نییە، بەڵکو کاتێک کۆمپانیاکان رێگری و گەمارۆ دەبینن، بەدوای رێگەی دیکەدا دەگەڕێن. ناتوانن رێگری لە رەوتی پارە بکەن. هەر بۆیە ئێستا زۆر گرنگە کە هەولێر و بەغدا بگەنە ئەو تێگەیشتنە و رێگە بدەن بازرگانی بەردەوام بێت، چونکە ئێستا بەهۆی پێشهاتەکانی ئێرانەوە، زۆر گرنگە کە ئەم رێڕۆیە، ئەم بازرگانییە بەبێ هیچ پچڕانێک بەردەوام بێت.