سەرۆک بارزانی لە 64 ساڵەی بوونی بە پێشمەرگە: پێشمەرگە باڵاترین شانازییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ساڵیادی بە پێشمەرگەبوونیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسی، "سڵاو لە رۆحی پاکی ئەو پێشمەرگانەی خوێنی ئاڵیان بووە هەوێنی ئازادی و سەربەرزی بۆ گەلەکەیان و لەو رێگەیەدا شەهید بوون."
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا کە لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە دەشڵێ، "سڵاو لە هەموو ئەو قارەمانانەی کە رێگەی پێشمەرگەبوونیان هەڵبژاردووە و ئەو ئەرکە پیرۆزەیان لەسەر شانە و چاویان ماچ دەکەم."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی، "پێشـمەرگە باڵاترین شانازییە."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەرتووکی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا دەڵێت، "رۆژی 20ـی ئایاری ساڵی 1962 یەکێک بوو لەو رۆژانەی ژیانم کە هەرگیز لە یادم ناچێتەوە، ئەو رۆژە بۆ من زۆر گرنگە، چونکە لەو رۆژەدا بووم بە جەنگاوەر و هیوای گەورەم هەبوو کە تاوەکو کۆتایی تەمەنم هەر پێشمەرگە بم."
چیرۆکی 64 ساڵ پێشمەرگەیاتیی سەرۆک بارزانی
"من لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان لە سابڵاخ لەدایکبووم، هەموو دەقیقەیەک ئامادەم لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایە و بۆ ئەو ئاڵایە بمرم،" ئەمە گوتەی سەرۆک مەسعود بارزانییە.
سەرۆک مەسعود مستەفا بارزانی، لە 16ـی ئابی 1946 لە مهاباد لە دایکبووە، کە ئەوکات بۆ پاڵپشتیکردنی کۆماری کوردستان مستەفا بارزانی، لەگەڵ هێزێکی گەورە لە مهاباد بوون. دوای رووخانی کۆماری کوردستان، هێشتا تەمەنی سەرۆک بارزانی ساڵێک تەواو نەببوو، مستەفا بارزانی لەگەڵ بەشێک لە هێزەکەی رێگەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەگرنەبەر و دوای گەیشتنیان بۆ ماوەی 12 ساڵ لەوێ دەمێننەوە.
یەکەم دیداری سەرۆک بارزانی بە بارزانیی باوک دوای 12 ساڵ
ساڵی 1958 دوای 12 ساڵ، مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە دەگەڕێتەوە نیشتمان، ئەوکات تەمەنی سەرۆک بارزانی 12 ساڵ بووە، بۆ یەکەمجار باوکی دەبینێت و بە باوکی شاد دەبێت. ئەو دیدارە بۆ سەرۆک بارزانی دەبێتە وەرچەرخان و قۆناخێکی نوێی پڕ لە داستان و خەون و ئاواتی مەزن.
دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بگرە لە پارچەکانی دیکەش، خەڵک پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، گەنج و لاوان خەونیان بە دیداری بارزانی و بوون بە پێشمەرگەوە دەبینی. سەرۆک مەسعود بارزانی یەکێک بوو لەو گەنجانە کە هەموو هیوا و ئاواتی ئەوەبوو ببێتە پێشمەرگەو چەک بکاتە شان.
کوردستان بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕی، هێشتا تەمەنی شۆڕشی ئەیلوول ساڵێکی دەرباز نەکردبوو، دوای ئەوەی لەشکری بارزانی توانی سەرکەوتنی مەزن لە بادینان بە خوێنی چەندین سەرکردە و پێشمەرگەی قارەمان تۆمار بکات. بارزانی و هاوسەنگەرانی بەرەو دەڤەری ئاکرێ، نەهلێ، سۆران و سیدەکان بەڕێدەکەون.
وەرگرتنی رەزامەندیی بۆ بوونی بە پێشمەرگە
مستەفا بارزانی لەگەڵ هەڤاڵانی لە دۆڵی نەهلێ لە سنووری ناوچەی نەقەبیان بۆ ماوەیەک دەمێننەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەرتووکی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)، بەرگی سێیەم باسی ئەو کاتانە دەکات کە چۆن پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و دەڵێت، "کە باوکم و لەشکرەکەی هاتن بۆ دۆڵی نەهلێ، بە نامەیەک داوام لێکرد کە بچمە پاڵی و ببم بە پێشمەرگە. وەڵامی دامەوە فەرمووبووی دوای ئەوەی ئیدریس رازی بێت رێگەم پێدەدات، بەڵام بڕیاری کۆتاییشی دابووە دەستی ماممەوە، جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی."
لە درێژەی گوتەکانیدا لە پەرتووکەکەی سەرۆک بارزانی نووسیویەتی، "زۆرم بە ئیدریس گوت تاوەکو رازیمکرد کە بچێتە لای جەنابی شێخ ئەحمەد ئیزن و روخسەتم بۆ وەربگرن. رۆیشتن ماوەی دوو رۆژیان پێچوو تا گەڕانەوە، لەو ماوەیەدا دڵم بە خوڕ لێیدەدا و دڵە کوتەم گرتبوو، دەترسام جەنابی شێخ رازی نەبێت و ئەمر بکات و بڵێت نەخێر. دەبێت ئەوکات من چی بکەم، ئەوە لای من ئیتر کۆتایی هەموو شتێک بوو، بەڵام خواستەکەم هاتەدی و مامم و ئیدریس رازی بوون و رێگەیان پێدام بڕۆم."
دواتر بە نامەیەک ئیدریس بارزانی برا گەورەی سەرۆک بارزانی لە رەزامەندی هەموو لایەک بۆ پەیوەندیکردنی سەرۆک بارزانی بە شۆڕشەوە ئاگادار دەکاتەوە، مستەفا بارزانی چەند پێشمەرگەیەک رادەسپێرێت بە گەیاندنی سەرۆک بارزانی بۆ بارەگاکەی، پاشان لە رێگەی دەراڤی رێزان و ئالکا، سەرۆک بارزانی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوبەری زێ.
ئەو رۆژەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەگاتە بارەگای بارزانی
لە پەرتووکەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "کە پەڕیمەوە بۆ ئەوبەری زێ، باوکم چەند پێشمەرگەیەکی بەدوامدا ناردبوو تا بمبەن بۆ ئەرک، هەر کە چاوم پێیان کەوت، هەستم بە شادومانییەکی زۆر کرد کە هەرگیز باسناکرێت. هەستمکرد کەوا بووم بە خاوەنی هەموو دونیا، ئامادەبووم لەگەڵ (با)دا بکەومە پێشبڕکێ تاوەکو زوو بگەمە لای ئەوان."
لە رۆژی 19ی مانگ بەڕێدەکەون و شەوەکە هەمووی بە رێگەوە دەبن، دواتر بە رێگەی چیای پێرسدا سەردەکەون. سەرۆک بارزانی و یاوەرانی بۆ رۆژی دواتر لە دۆڵی نەقەبیان دەگەنە کانیا تۆزێ لە نزیک گەلی بێخمە، لە رۆژی 20-05-1962، کاژێر 6ـی ئێوارە دەگەنە بارەگای بارزانی، بەڵام مستەفا بارزانی بۆ بەسەرکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە چووبووە بێخمە.
سەرۆک بارزانی لە پەرتووکەکەیدا ئاوا باسی ئەو چرکە ساتە دەکات کە باوکی دەگەڕێتەوە بارەگا و دەڵێت، "باسی ئەو خۆشییەم بۆ ناکرێت کە لەو کاتەدا دڵ و دەروونمی داگرتبوو، دیمەنی بارزانی کە لە دوورەوە دەهات، ئەو لەشکرە رێکە هەموویان بە رەخت و چەک و تفاق، هەرچیم بینی لە سەرووی ئەو خەیاڵانەوە بوو کە دەهاتنە بەرچاوم، کە باوکم گەڕایەوە بینیم و شەپۆلێکی شادومانی دایگرتبوو خۆم پێ رانەگیرا فرمێسک بە چاوەکانم هاتنە خوار. جەنابی باوکم بە دیدارم زۆر شادومان بوو، هەواڵی تەندروستی شێخ ئەحمەد و مامم شێخ بابۆی لێپرسیم، پاشان هەواڵی تەندروستی ئەندامانی خێزان، منیش وەڵامم دەدایەوە، پاشان سڵاوی ئەوانم پێگەیاند."
مەرجی باوک بۆ کوڕەکەی هەتا وەکو پێشمەرگە قبووڵی بکات
سەرۆک بارزانی داوا لە مستەفا بارزانی دەکات کە دەیەوێت ببێتە پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی باسی وەڵامەکە دەکات کە پێی گوتووە، "ئەگەر دەتەوێت ببیە پێشمەرگە، ئەمە مەرجی هەیە، نابێ وا تەسەور بکەی کە تۆ کوڕی منی گەرورەتری لەوانە، ئەوانە هەمووی لە تۆ عەزیزترن، هەموو کوڕی منن، وەکو یەکێکیش لەوان خواردن و جل و بەرگت، ئەرکت وەکو ئەوان دەبێ بژیت، بەرپرسی تووش حاچکە، کە بەرپرسی پاسەوانی تایبەتی خۆی بوو، هەرچی ئەو پێت بڵێت دەبێت ئەوە بکەی". گوتم هەموو ئەو مەرجانەم قبووڵە و جێبەجێشی دەکەم.
سەرۆک بارزانی لە پەرتووکەکەیدا ئاوا باسی پەیوەندیکردنی بە پێشمەرگایەتییەوە دەکات و دەڵێت، "رۆژی 20ی ئایاری ساڵی 1962 یەکێک بوو لەو رۆژانەی ژیانم کە هەرگیز لە یادم ناچێتەوە، ئەو رۆژە بۆمن زۆر گرنگە، چونکە لەو رۆژەدا بووم بە جەنگاوەر و هیوای گەورەم هەبوو کە تا کۆتایی تەمەنم هەر پێشمەرگە بم."
ستایشی بارزانیی باوک بۆ بارزانیی کوڕ
لە رۆژی 22-05-1962 مستەفا بارزانی فەرمانیدا بەر لە خۆرهەڵات لە رووبار بپەڕنەوە و لە رێگەی چیای برادۆستەوە بەڕێبکەون بەرەو دەڤەری سۆران، دوای بەڕێکەوتنیان دەگەنە گوندێک و بەرزاییەک دێتە پێشیان، مستەفا بارزانی تفەنگی تایبەتی خۆی دەداتە دەست سەرۆک بارزانی و دەڵێت "ئەگەر بتوانیت بە درێژایی ئەو بەرزاییە تفەنگەکە هەڵبگریت، ئەوکات دەڵێم شایەنی ئەوەی پێشمەرگە بیت."
سەرۆک بارزانی هەر زوو تفەنگەکەی لێوەردەگرێت، بە ملیەوە دەکات و لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە سەردەکەوێت تاوەکو دەگاتە لووتکەی بەرزاییەکە، کە مستەفا بارزانییش دەگاتە لایان دەبینێت کە سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو بوو، پێی دەڵێت: بارك اللە بەڕاستی گەورە بوویت و شایەن و لێوەشاوەیت لە ئەزموونەکەشتدا سەرکەوتی. سەرۆک بارزانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "کە ئەو پیاهەڵدانەم لە دەمی باوکمەوە بیست، بەختەوەریی دڵ و دەروونی داگرتم."