لە کانی قرژاڵە مێرمنداڵێک لەکاتی مەلەکردن لە گۆمێکدا خنکا


رووداو دیجیتاڵ

مێرمنداڵێک لەکاتی مەلەکردن لە سنووری کانی قرژاڵە خنکا و دوای ماوەیەکی کەم تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە دەرهێنرا.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 5:25 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی خنکان لە گۆمێکی کانی قرژاڵە ئاگادار کراینەوە، مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، دەستبەجێ تیمی ژێرئاوی خەبات گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە نیو کاژێردا تەرمەکە بدۆزنەوە و لە ئاوەکە دەریبهێنن.
 
منداڵەکە ناوی رەیان حیکمەت ئیدریسە  و دانیشتووی کانی قرژاڵەیە. شاخەوان سەعید رایگەیاند، دوای دەرهێنانی، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشكی کراوە.
 
16ـی ئەم مانگە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت:"خنکان ئەم ساڵ زیادی کردووە، هەرچەندە هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووە بەڵام 21 کەس خنکاون".