لە هەولێر 3500 پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر راگەیاند، سبەی دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەکرێتەوە و نزیکەی سێ هەزار و 500 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی وەجبەی 7ـی زەوی لە پارێزگای هەولێر دابەشدەکرێت، فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەکان لێی سوودمەند دەبن."
 
بە گوتەی کارزان هادی، نزیکەی 82 هەزار کەس ناویان گەڕابووەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 400 پارچە زەوییان دابەشکردبوو، سبەیش 3 هەزار و 500 پارچە زەوی دیکەش دابەشدەکرێن.
 
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی هێشتا زەوییان وەرنەگرتووە، کارزان هادی گوتی: "نزیکەی 40 هەزار پارچە زەوی دیکە دەمێنن، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەموو ئەوانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سوودمەند بن."
 
شوێنی زەوییەکانی ئەم وەجبەیەش دەکەوێتە لای گەزنە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی، ئەو زەوییانەی سبەی دابەشدەکرێن، بەپێی ماستەرپلان دەکەونە سەر رێگەی هەولێر – دهۆک.
 
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت، 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.