لە دهۆک چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە دهۆک کەوتنەخوارەوە و چواریان گیانیان لەدەستدا.
کیڤی بامەڕنی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازیی لە دهۆک بە رووداوی گوت، کرێکارەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کاریان دەکرد، هەموویان پێکەوە کەوتنەخوارەوە و چواریان گیانیان لەدەستدا.
بەگوتەی کیڤی بامەڕنی، کرێکارەکان خەڵکی دهۆکن و لەسەر بەرزکەرەوەیەک کەوتوونەتە خوارەوە.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لەنزیک شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، کرێکارەکان لە بەرزیی نزیکەی 50 مەترەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
پەیامنێری رووداو گوتی، تەندروستیی بریندارەکە ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنە.
بەگوتەی نایف رەمەزان، کرێکارەکان جامچی بوون و چەند رۆژێکە لەو پڕۆژەیە کاریان کردووە.
تەرمی چوار کرێکارەکە رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراون.
ناو و تەمەنی ئەو چوار کرێکارەی گیانیان لەدەستدا:
سیزار شڤان: 26 ساڵ
ئومێد حەسەن: 17 ساڵ
زیاد ئیبراهیم: 25 ساڵ
رەیان سەفەر: 25 ساڵ