پارتی و کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوە؛ ''جیاوازیمان هەیە، بەڵام کۆدەبینەوە''
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. فازڵ میرانی دەڵێ، "جیاوازیمان هەیە، بەڵام بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە." عەبدولستار مەجیدیش دەڵێ، "دەمانەوێ ئەو ساردییەی لە نێوانماندا هەبوو، کۆتایی پێبهێنین."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی، "ئێمە و ئەم برادەرانەی کۆمەڵ مێژوویەکی هاوبەش و ئاییندەیەکی هاوبەشمان هەیە. هەرچەندە ماوەیەک بوو کۆنەببووینەوە، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارماندا پێکەوە باسی رابردوو، کەموکوڕییەکان و ئاییندەی ئەم هەرێمە بکەین."
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە جیاوازیمان هەیە، بەڵام کۆدەبینەوە. بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە ئەوەیە کە نەهێڵین نەیارانمان سوود لە خاڵە لاوازەکانمان وەربگرن، چونکە هێزی ئەوان لە بێهێزیی ئێمەدایە."
هاوکات عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئامانجی کۆبوونەوەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان گەڕاندەوە و رایگەیاند، "ئەو دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێ، پێویستی بەوەیە پەیوەندیی نێوان حیزبەکان لە ئاستێکی باشدا بێت."