هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان داوادەكات گەنجان چەك هەڵبگرن
رووداو- ئەلمانیا
هونەرمەندێکی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و دانیشتووی ئەوروپا، لە بانگەوازێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 20.6.2014 بڵاویكردووەتەوە، داوا لە گەنجانی رۆژئاوای كوردستان دەکات، لەم قۆناخە هەستیارەی رۆژئاوای كوردستان و سووریادا، چەك هەڵبگرن.
بەنگین عەفرینی ، كە چەندین ساڵە خەریكی كاری هونەرییە و چەندین گۆرانی شۆڕشگێڕی هەیە ، لە بانگەوازەكەیدا دەڵێ، "ئێوە دەزانن كە چ مەترسییەكی گەورە بەرۆكی گەلی كوردی گرتووە لەو ساتە مێژووییانەدا و دەزانن كە ئەو هەڵانەی كردوومانن بەرامبەر یەكتر و ئەو زێدەڕۆییانەی بەرامبەر یەكترمان كردوون لێرەو لەوێ ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەپێشمانە لەوە مەترسیدارترە، من دەزانم چی دەڵێم".
بەنگین عەفرینی ، لەبەرئەوەی رەوشەكە زۆر بەمەترسیدار دادەنێ ، بۆیە دەڵێ، "هیوادارم كچان و كوڕانی رۆژئاوای كوردستان ، لە رێگەی ئەوانیشەوە گەلی كورد و پارتەكانی دوێنێ تێبپەڕێنن بەهەموو كەموكورتییەكانەوە، زۆر بەجدییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسییەكە بكەن و بچنە ریزی بەرگرییەوە ، لە رێگەی هێزەكانی پاراستنی گەل YPGەوە و، بەهەموو توانایەكمانەوە هاوكاریی بكەین "، هەروەها دەڵێ ئەو مەترسییەی لە بەرامبەر كورد هەیە بۆ هەموو كوردە نەك بۆ یەك حیزب . هەروەها داوا دەكات كە " ئەنجوومەنی یاسادانانی هەرسێ كانتۆنەكە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە چاوەڕوانكراوەو ئەنجامدانی ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی گەلەكەمان ".