سەرۆک بارزانی: مامۆستا محەممەد ئەربیلی گەنجینەیەكی گرانبەهای هونەری لەدوای خۆی بەجێهێشت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری هونەرمەند محەممەد ئەربیلی دەکات و دەڵێت، "گەنجینەیەكی گرانبەهای هونەر و رەسەنایەتیی لەدوای خۆی بەجێهێشت."
هونەرمەند محەممەد ئەربیلی بەهۆی لەکارکەوتنی یەکێک لە گورچیلەکانی ماوەیەک لە نەخۆشخانە بوو، ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی حوزەیرانی 2022 گیانی لەدەستدا.
سەرۆک مەسعود بارزانی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكار و ئاشنایانی مامۆستا محەممەد ئەربیلی و تەواوی هونەرمەندانی هەولێر و كوردستان دەكات و دەڵێت، "لە خودای گەورە داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو ئەربیلی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت."
هونەرمەند محەممەد ئەربیلی بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە لە منداڵییەوە گۆرانی دەگوت و خاوەنی چەندین گۆرانییە لەوانە، ئەی دلێران، کچەی کافرۆش، یەڵڵا شۆفێر و هەولێر.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی سەرەخۆشییەکەیدا دەڵێت، "مامۆستا محەممەد ئەحمەد ئەربیلی خزمەتی زۆری بە پاراستنی دەنگ و ئاواز و مۆسیقای رەسەن و خۆماڵیی هەولێر كرد."
محەممەد ئەربیلی ساڵی 1959 لە رادیۆی بەغدا گۆرانی تۆمارکردووە، بەڵام پێشتریش گۆرانیی دیکەی هەبووە. بە گوتەی نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، محەممەد ئەربیلی بەهۆی گوتنی سروودی "ئەی دلێران" و "لاوانی کورد" لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
دەقی پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناودار و خۆشەویستی كوردستان مامۆستا (محەمەد ئەحمەد ئەربیلی)ـمان پێگەییشت. مامۆستا محەممەد ئەحمەد ئەربیلی خزمەتی زۆری بە پاراستنی دەنگ و ئاواز و مۆسیقای رەسەن و خۆماڵیی هەولێر كرد و گەنجینەیەكی گرانبەهای هونەر و رەسەنایەتیی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵ و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەد ئەربیلی و تەواوی هونەرمەندانی هەولێر و كوردستان دەكەم.
لە خودای گەورە داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو ئەربیلی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیه راجعون