ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی هاوژینەکەی کوشت لەگەڵ ئەوەی چەکەکەشی پێداوە، دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە هەولێر بە دەستڕێژی گوللە هاوژینەکەی خۆی کوشت و خوشکەکەی بریندارکرد، خۆی رادەست کردوون، ئاسایش هەروەها ئەو کەسەی دەستگیرکردووە کە چەکەکەی پێداوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر (ئەمڕۆ، سێشەممە، 20-6-2023) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوکردەوە، کە تێیدا ژنێک کە چوار مانگە هاوسەرگیریی کردووە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، "بکوژەکە" هەروەها خوشکێکی هاوژینەکەشی بریندار کرد، بریندارەکە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە.
 
لە روونکردنەوەکەیدا ئاسایش دەڵێ رووداوەکە لە کاژێر 11:20 خولەک بووە و تۆمەتبار بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گەڕەکی ئەندازیاران بە چەکی کڵاشینکۆف دەشتڕێژی گوللـەی لە ماڵی خەزووری کردووە و لەئەنجامدا هاوسەرەکەی بەناوی ئەڤین کوشت و خوشکی هاوژینەکەشی کە ناوی پەیمانە بە گوللـە بریندار کرد.
 
سەبارەت بە تۆمەتبارانی رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ "تۆمەتبار (هە. ڕ. ی.) خۆی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی یەکەمان کردووە، هەروەها ئەو تۆمەتبارەی چەکەکەی بە تۆمەتبار داوە کە ناوی (م. ر.)ـە لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە".

 

رەمەزان عەزیز، خەزووری هەریاد ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوە کرد، زاواکەی کە تەمەنی 18 ساڵ بووە، هەرچەندە چەکدار نەبووە، بەڵام مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەکی کردووە.

وردەکاریی رووداوەکە لەم هەواڵەدا بخوێنەوە:

 
لە هەولێر زاوایەک هێرش دەکاتە سەر ماڵی خەزووری؛ هاوژینەکەی دەکوژێت و خوشکێکی بریندار دەکات