قایمقامی شنگال: ئاوەدانکردنەوەی شنگال بە 100 ملیار و 200 ملیار دینار ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شنگال چاوەڕێى ئەو 50 ملیار دینارەیە کە لە بودجەى عێراق دیاریکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى. بودجەکە لە چوارچێوەى دروستکردنى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى نەینەوایە کە بەهۆى شەڕى داعشەوە زیانی بەرکەوتووە.
بەرپرسانى شنگال دەڵێن، پارەکە بە قەبارەى زیانەکان نییە. نایف سیدۆ، قایمقامى شنگال بە وەکالەت ئاماژە بەوە دەکات، بە 25 ملیار دینار وێستگەیەکی کارەباش دروستناکرێت، شنگال ناوچەیەکی زیانلێکەوتووە و بە 50 ملیار و 100 ملیار و 200 ملیار دینار ئاوەدان ناکرێتەوە.
پەرلەمانى عێراق لەکاتى تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسای بودجەدا هەردوو ناحیەى زوممار و قەحتانیەى بۆ سندووقەکە زیادکرد، بەبێ ئەوەى پارەکەى زیاد بکات.
ئیبراهیم میرانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى نەینەوا دەڵێت، دابەشکردنی بودجە بە شێوەیەکی گشتی هەندێک بنەما و پێوەری هەیە و لەسەر ئەو بنەما و پێوەرانە دابەشدەکرێت، یەکێکیان ژمارەی دانیشتووانە و دووەمیش ئەوەی کە تاچەند ئەو ناوچەیە زەرەری بەرکەوتووە.
لە ساڵى 2021ـەوە لیژنەى باڵاى ئاوەدانکردنەوەى نەینەوا پێکهێندراوە کە بەشێک لە ئەرکەکانى ئاوەدانکردنەوەى شنگالە.
لەنێوان 2014 بۆ 2017 زۆرینەى ناوچەکانى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى داعشدا بوون؛ بە گوتەى بەرپرسانى شارەکە، بۆ نەهێشتنی کاریگەرییەکانی وێرانکارییەکە پێویستیان بە 15 ملیار دۆلارە.