مەسرور بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تویتێکدا نووسی، "ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومه‌وه‌ و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد."
 
لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و ئەردۆغاندا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئامادە بوو. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی کە "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد." 
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیادا کە رۆژی 28ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور 52.18%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت %47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ بوون.