لە پارێزگای ورمێ لە یەک ساڵدا 50 هەزار رووداوی هاتووچۆ تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
رێگەی نێوان شنۆ - ورمێ هاتووچۆی زۆری لەسەرە و رێگەیەکی هەرە قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هاونیشتمانییان دەڵێن، رێگەکە ستاندارد نییە و بەهۆی قەرەباڵخییەکەی، رۆژانە چەندین رووداوی هاتووچۆ تێیدا روودەدەن.
هاونیشتمانییان هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو رێگەیە بۆ خراپیی رێگەکە دەگێڕنەوە و پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێت، سەرپێچیی شۆفێران یەکەم هۆکاری روودانی رووداوی هاتووچۆیە لە پارێزگای ورمێ.
پڕۆژەی فراوانکردنی رێگەی شنۆ و ورمێ چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و کاریشی تێدا دەکرێت، بەڵام کارکردنەکە بە شێوەیەک نییە وا زوو تەواو ببێت. هاونیشتمانییان داوا دەکەن، بودجەی زیاتر بۆ تەواوکردنی تەرخان بکرێت.
دۆخی رێگەکانی دیکەی پارێزگای ورمێش زۆر لەم رێگەیە باشتر نییە. ساڵی رابردوو روودانی زیاتر لە 50 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە رێگەکانی پارێزگای ورمێ تۆمار کراون، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 600 کەس.