حوشتر لە دەشتی موسڵەوە براونەتە چیاکانی دهۆک و خاوەنەکەی دەڵێت: ئێرەیان پێ خۆشە
رووداو دیجیتاڵ
وشکەساڵی و کەمی بارانباراین، وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتییان حوشترەکانیان لە دەشتی نەینەوا ببەنە چیاکانی پارێزگای دهۆک. محەممەد عوبەید، خەڵکی کۆمەڵگەی ریسالەیە لە بەعاج و دەڵێت، ساڵێکە حوشترەکانی بردووەتە گوندی باجلۆر لە دهۆک و فێری ژیانی ئەوێ بوون.
حوشترەکان فێری بەرز و نزمیی چیاکان بوون و خۆیان لەگەڵ سرووشت و ژینگەی دهۆک راهێناوە. محەممەد عوبەید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ناوچەکانی ئێمەدا وشکەساڵییە و هاتووین بۆ نێو گژوگیای ئێرە، سوپاس بۆ خوا ئەو ناوچەیە بەپیتە و وشکەساڵی لێرە نییە. ئاو هەیە، گژوگیا هەیە. لە سەرەتادا کاتێک حوشترەکانمان هێنایە ئێرە گوتمان لێرە ناژین، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا لێرە دەژین و دەچنە سەرەوە و دێنە خوارەوە هەر هەستیشی پێناکەن."
حوشترەکان ژمارەیان 12یە، هەموویان مێن، تاوەکو ئێستا محەممەد نەیتوانیوە حوشترێکی نێریان بۆ پەیدا بکات تاوەکو زاوزێ بکەن و سوود لە شیرەکەی وەربگرێت. محەممەد دەڵێت، 21 حوشتری دیکەی ماوە، بەڵام لەبەر رێکاری ئەمنی، نەیتوانیوە بیانهێنێتە دهۆک. ئەو هاووڵاتییە 11 ساڵ پێش ئێستا چووەتە سنووری دهۆک و سەرەتا مەڕوماڵاتی بردووە.
جەعفەر باجلۆری، براگەورەی گوندەکەیە و دەڵێت، "چوون و جارێکی دیکە هاتنەوە، گوتمان بۆچی هاتنەوە، گوتیان: باران کەمە و بەهۆی وشکەساڵی ناچاربووین بگەڕێینەوە، ئێمەش بەخێرهاتنەوەمان کردن و گوتمان ئێرە ماڵی ئێوەیە."
گوندی باجلۆر بە دووریی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی دهۆک. لە چەند ساڵی رابردوودا کۆچی ئاژەڵدارانی نەینەوا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی وشکەساڵییەوە زیادی کردووە.