کۆمیسیۆنی عێراق: خەرجیی هەڵبژاردن لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رایدەگەیێنێت، کۆمیسیۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە لە بڕی تێچووی هەڵبژاردن و خەرجیی هەڵبژاردن لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستیمان بە ئامادەکارییەکی زۆر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان." گوتیشی، 173 وێستگەی ناو تۆمارکردنیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. 
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق باسی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بابەتمان تاوتوێکرد." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە؛ سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەولێر لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان. 
 
نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بڕیارە 6ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش بەڕێوەبچێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ گرفتێکی دیکە لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نییە. 
 
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022 تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە؛ چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتواندرا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
دواتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام رۆژی 30ـی ئایاری 2023  دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان "نادەستوورییە" بەوەش پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی کۆمیسیۆنی هەڵبژارن کارابکاتەوە کە لە 2019ـەوە بەسەرچووە و پێویستە دووبارە کارابکرێتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە بکات.