میدیای نزیک لە سوپای پاسداران: هێرش کرایە سەر بنکەیەکی تەندروستیی کرماشان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای نزیک لە سوپای پاسداران، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیان بەر بنکەیەکی تەندروستیی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 20-06-2025، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران ژمارەیەک وێنەی بڵاوکردەوە و تێیاندا دەردەکەوێ کە بنکەیەکی تەندروستی زیانی بەرکەوتووە.
وەک میدیای نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، بنکە تەندروستییەکە لە شارۆچکەی دینەوەری سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئیسرائیل لە رێگەی درۆنەوە کردوویەتە ئامانج.
بەگوتەی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل، لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە زیانی بە ژمارەیەک نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی گەیاندووە.
ئەمڕۆ یەعقووب سولەیمانی، بەرپرسی مانگی سووری ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، هێرشی ئیسرائیل زیانی بە 5 نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی گەیاندووە.
دوێنێ پێنجشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشکردنی ئێرانی بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی سۆرۆکای لە وڵاتەکەی رایگەیاند. ئێرانیش رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، بنکەیەکی فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلیان لەو ناوچەیە بۆردوومانکردووە و زیانی لاوەکی بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.