یەرەکە: هێرشە درۆنییەکەی پێنجوێن لەلایەن ئێرانەوە کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی یەکینەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی سنووری پێنجوێن لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەشکرد: "لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک لەسەر خەڵک و هێزەکانمان بێدەنگ نابین".
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، فەرماندەیی یەکینەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: " 19ـی ئەم مانگە لە گوندی شیوەگوێزان لە ناوچەی پێنجوێن، لە هێرشێکی ئاسمانیدا هێزەکانی ئێمەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە ئامانج، لەلایەن رای گشتییەوە هەواڵی زۆر بڵاوبووەو و هەمووان بەشێوازی خۆیان باسی رووداوەکەیان کرد".
 
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کردووە و دەڵێن، ئەو دۆخە سەر راست دەکەنەوە و رایدەگەیێنن "ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ سەر هێزەکانمان ئەنجامدراوە".
 
یەرەکە دەڵێت: "زۆرجار کاتێک دەوڵەتی ئێران دەکەوێتە بەربەستەوە، پەنا بۆ رێبازی هێرش دەبات بۆ سەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەمان کاتدا فشارەکان بۆ سەر ژنان و لە سێدارەدانی رۆژانەی گەلەکەمان پەیوەندییان بە بارودۆخی ئاڵۆزی ئەم سیستمە بێچارەوە هەیە".
 
19ـی تەمموزی 2025، کاژێر 08:45 بەیانی لە ناوچەی پێنجوێن هێزەکانی یەرەکە بوونە ئامانجی هێرشێکی درۆنی. لەوبارەیەوە یەرەکە دەڵێت:"هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی کامیکازی خۆکوژی سەر بە دەوڵەتی ئێرانەوە کرابوو، لە ئەنجامدا یەکێک لە هەڤاڵانمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ، رۆڵەی بە ئەمەکی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێکەڵ بە بەها وڵاتپارێزییەکانی ناوچەی هەورامانی گەورە بووە، بەم هێرشە ترسنۆکانەیە گەیشتە ئاستی شەهیدبوون".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە داهاتوویەکی نزیکدا ناسنامەی هەڤاڵمان بە رێگەی راگەیێندراوێکی بەرفراوان بۆ رای گشتی بڵاو دەکەینەوە".
 
یەرەکە دەڵێت: "لەبەرامبەر ئەو جۆرە هێرشانە بێ بەرگری نامێنینەوە، تاوەکو کۆتایی لە چوارچێوەی مافی رەوای خۆماندا بەرگری لە خۆمان دەکەین و بەهیچ جۆرێک هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک، بەڵام لەبەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک لەسەر خەڵک و هێزەکانمان، بەردەوام خۆمان دەپارێزین و بێدەنگ نابین". 
 
دوێنێ دوای هێرشەکە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پێنجوێن بە رووداوی گوت، "لە سنووری پێنجوێن بە درۆن هێرش کراوە و دوو کەس کراونەتە ئامانج."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، دوو کەسەکە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون و، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەش بریندارە."