لە هەولێر پڕۆژەیەکی تایبەت بە ریسایکلینی ئاو دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەم نزیکانە کارەکانی پڕۆژەی ریسایکلینی ئاوی هەولێر دەستپێدەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئاری ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەم نزیکانە کارەکانی پڕۆژەی ریسایکلینی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر دەستپێدەکات و ئێستا لە پرۆسەی تەندەرینە، دوای ئەوە راستەخۆ دەست بە کار دەکرێت".
 
لەم پڕۆژەیە ئاوی بەکارهاتووی هەولێر ریسایکلین دەکرێت و بۆ ئاودانی سەوزایی و کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێتەوە.
 
بە گوتەی ئاری ئەحمەد، پڕۆژەکە بۆ ئێستا تەنیا لە پارێزگای هەولێر دەبێت و بە لایەنی کەم دوو ساڵی دەوێت تاوەکو کارەکانی تەواو بن.
 
پڕۆژەی ریسایکلینی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر دەکەوێتە گوندی عەرەب کەند لەسەر رێگەی هەولێر-گوێڕ. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە گوژمەی 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت".
 
لەبارەی سوودەکانی پڕۆژەکە، ئاری ئەحمەد گوتی: "سوودی بۆ ئاوی ژێر زەوی، ئاودانی سەوزای و بیری جووتیاران دەبێت".
 
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، حکومەت پلانی هەیە لە داهاتوودا پڕۆژەیەکی ریسایکلین بۆ ئاو جێبەجێ بکات "بە مەبەستی بەکارهێنانەوەی ئاو لە باخچەکان، ئاودێریی سەوزاییەکان کە بە زووترین کات دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە."