بەرگریی شارستانیی سۆران: لە مێرگەسۆر کەسێک خنکا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، پیاوێکی دانیشتووی بەحرکە لە گوندی چەمە خنکاوە.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەسێکی دانیشتووی بەحرکە کە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، بۆ گەشتکردن هاتبووە گوندی چەمە و لەنێو ئاودا لەهۆش خۆی چوو و خنکاوە".
رووداوەکە کاژێر 06:00ـی ئێوارە بووە. بەگوتەی کاروان میراودەلی، تیمەکانیان راستەوخۆ دوای رووداوەکە گەیشتوون و تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە.
ئەو کەسە ناوی عیسا موسایە و تەمەنی 68 ساڵ بوو.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەو سنوورە پێنج کەس خنکاون و زیاتر لە 15 کەسیش رزگارکراون.